عه‌لاوی: نازانم كێ حكومی عیراق ده‌كات سیستانی، عه‌بادی یان نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

‌ئه‌یاد عه‌لاوی، جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌ڵێت: نازانم كێ حكومی عیراق ده‌كات؟ عه‌لی سیستانی، یان حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیران یان نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی الحره‌-ی عیراق ئه‌یاد عه‌لاوی، جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراق رایگه‌یاند كه‌ خراپ به‌ڕێوه‌بردن و گه‌نده‌ڵی بونه‌ته‌هۆی لاوازییه‌كی گه‌وره‌ و پێویستییه‌كی زۆریش هه‌یه‌ بۆپشت به‌ستن به‌ بنه‌مای روون بۆ دیاریكردنی نه‌خشه‌ رێگای‌ چاكسازی.

عه‌لاوی پێی وابوو كه‌ دۆخی ئێستای عیراق بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن گونجاو نییه‌ و وتی: گرفتی ئابووریی گه‌وره‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی بێكاری و هه‌ژاری له‌ وڵات به‌رۆكی پرۆسه‌ی سیاسی گرتووه‌ و پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ بێت تا عیراق سه‌قامگیر بێت و ئابووریش بناغه‌ی ئه‌و سه‌قامگیریه‌یه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و داخوازییه‌ی چه‌ندین كوتله‌ی په‌رله‌مانی بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو و سوربوونی حكومه‌تی عیراق و عه‌لی سیستانی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌، عه‌لاوی له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "نازانم كێ فه‌رمانڕه‌وای عیراقه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ یان عه‌لی سیستانی، یان نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان؟ له‌ راستیدا نازانم كێ كاروباره‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌بات".

عه‌لاوی له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌تی كورد له‌ په‌یوه‌ندیدام، سه‌ركردایه‌تی كوردستان ره‌زامه‌ندییان نیشانداوه‌ گفتوگۆكان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستور و یه‌كپارچه‌یی عیراقدا بێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ندێك هه‌ر ماون و گرژییه‌كان هێشتا ماون به‌تایبه‌ت ئه‌و گرژییانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ پارێزگای كه‌ركوكه‌وه هه‌یه‌‌".


ر.ع


PM:09:12:02/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 4268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو