ئیبراهیم كاڵن: پێدانەوەی‌ چەک بە هێزەکانی‌ سوریای‌ دیموکرات له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ قبووڵ كراو نییه‌

‌ئیبراھیم کاڵن

وێستگه‌ نیوز ـ
وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند، بڕیاری‌ پنتاگۆن بۆ دووبارە پێدانەوەی‌ چەک بە هێزەکانی‌ سوریای‌ دیموکراتی‌ کە پەیەدە و یەپەگە تێدایە قبوڵکراو نییە.


ئیبراھیم کاڵن وتی‌: "پێدانی‌ چەک لە روانگەی ئێمەوە قبووڵکراو نییە، چونکە پێدانی هەر چەک و فیشەکێک بە یەپەدە و یەپەگە، لە رێگەی پەکەکەوە بە واتای ھەڕەشە دێت بۆ سەر تورکیا".

هەروەها وتیشی‌: "ھەر ھاوکارییەک لە پێدانی چەک بە پەیەدە و یەپەگە لە گۆڕەپانی سووریا یان ھەر شوێنی دیکە جا بە چ پاساوێک بێت، بە واتای درێژکردنەوەی تەمەنی پەکەکە دێت، بۆیە قبوڵکردنی ئەمە جا بە ھەر ھەڵومەرج و پاساوێک بێت لێتەگەیشتنی بە ھیچ شێوەیەک مومکین نییە".

کاڵن لە درێژەی‌ لێدوانەکەیدا، ئاماژەی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کرد کە تیایدا ترەمپ روونی کردبووەوە ئیتر چەک بە پەیەدە و یەپەگە نادەن، لەوبارەیەوە رایگەیاند: "ئەوانەی زۆر کەم لە سیستەمی و پێکھاتەی ئێستای ئەمریکا دەزانن، رەنگە رۆژی دواتر بە سەرسورمانەوە پێشوازی لە روونکردنەوەی پنتاگۆن بکەن".

هەروەها ئەوەشی‌ وت، دۆخی ناکۆکی ناو سیستەمی ئەمریکا کە سەرۆک شتێک دەڵێت و یەکەیەکی سەر بەو شتێکی دیکە دەڵێت و لە گۆڕەپانەکەش شتێکی دیکە ئەنجام دەدرێت، "لە رووی سیستەمی ئەمریکا ئاماژە بە دۆخێکی ناجێگر دەکات".

ئەوەش لەکاتێکدایە دوو رۆژ پێشتر ئیریک پاهۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن رایگەیاند، پێداچوونەوە بە پشتگیرییە سەربازییەکانیان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن کە یەپەگە زۆرینەی پێکدەهێنێت.

رۆژی‌ 24ی‌ تشرینی‌ دووەمی 2017، مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری‌ دەرەوەی‌ تورکیا رایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی‌ تەلەفۆنیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە روونی‌ بەڵێنی‌ بە تورکیا داوە لەمەودوا چەک نادەن بە یەپەگە.

هــ. ر


AM:11:37:30/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 6894 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو