مه‌حمود سه‌نگاوی: هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت دیسان دەموچاوە ڕزیوەکان ببنەوە بە سەرکردایەتی یەکێتی

‌مەحمود سەنگاوی‌، ئەندامی‌ مەکتەبی‌ سیاسی‌ یەکێتی‌

وێستگه‌ نیوزـ

ئەندامێکی‌ مەکتەبی‌ سیاسی‌ یەکێتی‌ پێی وایه‌ كه‌ "ئەوان دەموچاوێکی ڕزیوین ناتوانیین سەرکردایەتی حزبێکی‌ گەورەی وەک یەکێتی‌ بکەن."

 لە وته‌یه‌كدا كه‌ له‌ کۆنفراسی کۆمەڵەی ڕێکخستنە دێرینەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەڵەبجە پێشكه‌شیكرد لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردووەتەوە، مەحمود سەنگاوی‌، ئەندامی‌ مەکتەبی‌ سیاسی‌ یەکێتی‌ رایگه‌یاند: "هەندێک برادەر گوێمان لێیە دەڵێن دەبێت لە ماوەی یەک مانگدا کۆنگرە ببەسرێت، ئێمە وەک سەرکردایەتی یەکێتی پێنج ساڵە خەریکین ئەم حزبە تێک دەدەین، ئایا بە یەک مانگ چاک دەکرێتەوە؟"

وتیشی‌ "ئەوانەی دەڵین با کۆنگرە لە یەکمانگدا بکرێت دەیانەوێت دیسان دەموچاوە ڕزیوەکان و دزەکانی نەوت ببنەوە بە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لەبری ئەوەی ئاگایان لە بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە و ڕێکخستنە دێرینەکان بێت هەر خەریرکی گیرفان پڕ کردنی خۆیانن".

مەحمود سەنگاوی‌ دوپاتیكرده‌وه‌ و وتی: "ئەگەر ئێمەمانان جارێکی تر ببینەوە بە مەکتەبی سیاسی ئەوا کارەساتەکانی پێشوو بەسەر یەکێتیدا دەهێنینەوە، بۆیە دەبێت گۆڕانکری بکرێت لە ناو یەکێتیدا".

له‌ 4یی‌ تشرینی‌ دووەمی 2017، سەرکردایەتیی‌ یەکێتیی‌ نیشتمانی‌ کوردستان کۆبوونەوەیەکی‌ ئەنجامدا و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ مەکتەبی‌ سیاسی‌ حزبەکەی‌ دەرکرد.

لە دوای‌ ئەو بڕیارە بەشێک لە بەرپرسانی‌ یەکێتی‌ ڕەتیان کردەوە، کە مەکتەبی‌ سیاسی‌ هەڵوەشابێتەوە، بەڵام مەحمود سەنگاوی‌ لەو وتانەیەدا جەخت لەوە دەکاتەوە مەکتەبی سیاسی‌ هەڵوەشاوەتەوە و هەڵوەشانەوەکەشی‌ بە بڕیاری‌ دروست لێکداوەتەوە.



ر.ع


PM:07:03:24/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 13952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو