ساڵی داهاتوو ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی به‌رزه‌ مووچه‌و پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێده‌كات


وێستگه‌ نیوز ـ
بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی چۆنیەتیی دەستپێكردنەوەی بەرزەمووچە و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران روونكردنەوە دەدات و ئاشكرای دەكات، دەكەوێتە ساڵی داهاتووەوە.

هۆشەنگ شێخ محەمەد، سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی  وەزیرانی كوردستان بە هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی نزیك له‌ پارتی راگەیاند، ئێستا تەنیا سەرمووچە بۆ فەرمانبەران دەكرێت و پلە بەرزكردنەوە وەستاوە، وتی: "لە ساڵی 2016وە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران، یان پێی دەوترێت بەرزەمووچە راگیراوە، تەنیا سەرمووچە كاری پێ دەكرێت، ئەگەر بودجەی پەسه‌ندكراو هەبێت لە ساڵی داهاتوودا ئەوە پلە بەرزكردنەوەیە دەكرێتەوە".

پێشووتر حكوومەت بڕیاری دابوو لە ساڵی 2015  پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران رابگیرێت، بەڵام  لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەكە راگیرا و خرایە ساڵی 2016، ئێستا تەنیا سەرمووچەی ساڵانە بۆ فەرمانبەران دەبەسترێت.

هۆشەنگ شێخ محەمەد وتیشی: "بۆ پلە بەرزكردنەوەی چەند پێویستییەك هەیە دەبێت لەبەر چاو بگیرێت، یەكیان ئەوەیە دەبێت بودجەی پەسه‌ندكراو هەبێت، هەروەها دەبێت میلاكی پەسندكراویش هەبێت، لەگەڵ رەچاوكردنی هەندێك رێنمایی تایبەت بە پلە بەرزكردنەوە".

ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی وەزیران روونی كردەوە، ئەگەر ساڵی داهاتوو بودجەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان پەسند بكرێت، ئەوە راستەوخۆ پلە بەرزكردنەوە بەپێی شایستەبوونی فەرمانبەران دەكرێتەوە.

بەپێی رێنمایی و یاسا، بەرزكردنەوەی ناونیشان و مووچەی فەرمانەران لەنێوان چوار ساڵ بۆ پێنج ساڵ جارێكە و بەدەستهێنانی بڕوانامەش هۆكارە بۆ پێشخستنی ئەو كارە.

بەپێی زانیارییه‌كان، پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران مانگانە یەك ملیار دینار خەرجی دەخاتە سەر حكومەت، كە ساڵانە دەكاتە 12 ملیار دینار.

هۆشەنگ شێخ محەمەد وتیشی: "بەهۆی ئەوەی حكومەت فەرمانبەری زۆری هەیە، بۆیە بەرزەمووچە خەرجییەكی زۆری دەخستە سەر حكومەت، هەر بۆیە بە بڕیارێك راگیراوە تا بودجە دەبێت و دۆخەكە تێ دەپەڕێندرێت".

سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ئاشكرای كرد، وەزارەتی دارایی رێنماییەكی دەركردووە لەدوای 1ی 8ی 2017 هەر فەرمانبەرێك ئەگەر بەهۆی سەرمووچە بچێتە پلەیەكەوە پاشەكەوتی زیاتری لێ ببڕێت، ئەوە مووچەكەی دەستكاری ناكرێـت و لێی نابڕدرێت.

وەزارەتی دارایی جەخت دەكاتەوە، بەهۆی پەسندنەكردنی بودجەی گشتیی هەرێمی كوردستان، هەموو پلە بەرزكردنەوەیەكی فەرمانبەران راگیراوە.

روونیشی دەكاتەوە، جگە لە سەرمووچە هیچ پلەبەرزكردنەوەیەك بۆ فەرمانبەران ناكرێت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی ئەوەی راگەیاند، لە 1ی 1ی 2016وە پلە بەرزكردنەوەی راگیراوە، وتیشی: "لەو كاتەوە هەر پلە بەركردنەوەیەك بۆ فەرمانبەران كرابێت ئەوە بە هەڵوەشاوە لەلایەن دارایی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و هەر پارەیەكیشی بۆ خەرج كرابێت لێی وەردەگیرێتەوە".

هــ. ر


AM:11:12:21/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 38232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو