ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ وه‌فدی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ یه‌كگرتوو


وێستگه‌ نیوز –
 له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنی بژێوی هاوڵاتیان گفتوگۆی‌ له‌باره‌وه‌ كرا.

نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ یه‌كگرتوو بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 20-11-2017 سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو له‌باره‌گای تایبه‌تی خۆی له‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی د.هادی عه‌لی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیاسی و فه‌رهاد مه‌لا سالح كارگێڕی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردن پێشوازیانكرد له‌ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌ "له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه زیاتر له‌ كاتژمێرێكی خایاند تاوتوێی دۆخی سیاسی هه‌رێم و ناوچه‌كه‌ كرا".

نووسینگه‌ی‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ یه‌كگرتوو ده‌ڵێت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێویستی كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌شی لایه‌نه‌كان و پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنی بژێوی هاوڵاتیان وه‌ك ئه‌وله‌ویه‌تی ئه‌م قۆناغه‌ و شێوازی دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیتحادی گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا".

رۆژی 11ی تشرینی دووه‌می 2017، وەزیری‌ کشتوکاڵی‌ حکومەتی‌ هەرێم رایگەیاند، حکومەتی‌ هەرێم دەست بە دانوستان دەکات لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان.

عەبدولستار مەجید، وەزیری‌ کشتوکاڵ و ئاودێری‌ حکومەتی‌ هەرێم ڕایگەیاند " حکومەتی‌ هەرێم سەرەتا لەگەڵ سەرۆکی‌ فراکسیۆنەکانی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان کۆده‌بێتەوە و چەند پرسێک تاوتوێ ده‌کات، گرنگترینیان گوزەرانی‌ خەڵک و پرۆژە یاسای‌ بودجەی‌ عیراق".

وتیشی، "دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی‌ هەرێم دەکەین و بۆ وەرگرتنی‌ ڕاوبۆچونیان لەسەر کۆی‌ ئەو پرسە هەنوکەییانەی‌ کە ئێستا بونەتە گرفتی‌ هاوڵاتیان".

له‌ کۆبوونەوەی‌ 6ی تشرینی دووه‌می 2017ی ئەنجومەنی‌ وەزیراندا بڕیاردرا حکومەتی‌ هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان و سەرۆکی‌ فراکسیۆنەکانی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان و پەرلەمانتارانی‌ بەغدا کۆببێتەوە.




PM:06:51:20/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 2028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو