مەکگۆرک: بەخێرایی‌ رەقە ئاوەدان دەکەینەوە


وێستگه‌ نیوز ـ
برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی‌ سەرۆکی‌ ئەمریکا بۆ شەڕ دژ بە داعش لە بارەی‌ رەقەوە رایگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌ کار دەکات بۆ ئەوەی‌ بە خێرایی‌ رەقە ئاوەدان بکرێتەوە و کارەبا و ئاویشی‌ بۆ دابین دەکرێت بۆ ئەوەی‌ هاووڵاتیان بتوانن بگەڕێنەوە سەر حاڵ و ماڵی‌ خۆیان. 

برێت مەکگۆرک لە دوای‌ سەردانی‌ بۆ شاری‌ رەقە تویتێکی‌ لەبارەی‌ ئاوەدانکردنەوەی‌ ئەو شارە بڵاوکردەوە و نووسیویەتی‌ "ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین بە خێرایی‌ پرۆسەی‌ هەڵگرتنەوەی‌ مین و بۆمبە چێندراوەکان و پاککردنەوەی‌ ئەو شارە و ئاوەدانکردنەوەی‌ بەرەو پێش بڕوات بۆ ئەوەی‌ خەڵک بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی‌ خۆیان".

نوێنەری‌ تایبەتی‌ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی‌ ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش راشیگەیاندووە "پێویستە شەقام و کۆڵانەکانی‌ شارەکە لە شوێنەواری‌ شەڕ و داڕمان  پاکبکرێتەوە و ئاو و کارەباش بۆ شارەکە دابین بکرێت".

مەکگۆرک لەو تویتەیدا وێنەیەکی‌ بڵاوکردووتەوە و نووسیویەتی‌: "لەگەڵ مارک سترۆ لە گۆڕەپانی‌ نەعیم لە شاری‌ رەقەدا کە شوێنی‌ کوشتن و لەسێدارەدانەکانی‌ داعش بوو، سترۆ لەلایەن وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ ئەمریکاوە دانراوە بۆ راوێژ و سەرپەرشتیکردنی‌ تیمی‌ ئاوەدانکردنەوە لە سوریا".

مەکگۆرک رۆژی 17ی‌ تشرینی‌ دووەمی 2017 و مانگێک لە دوای‌ ئازادکردنی‌ رەقە لەلایەن شەڕڤانانەوە چووە ئەو شارە، کە چەکدارەکانی‌ داعش بە خەلافەتی‌ پایتەختەکەی‌ خۆیانی‌ دەزانی. شەڕڤانان لە دوای چوار مانگ شەڕکردن لە دژی‌ چەکدارانی‌ داعش رۆژی 17ی‌ تشرینی‌ یەکەمی 2017 شاری رەقەیان لە دەست چەکدارانی‌ داعش رزگارکرد.

لە دوای‌ رزگارکردنی‌ رەقە، کارەکانی‌ پاککردنەوەی‌ شەقام و کۆڵانەکانی‌ ئەو شارە لە پاشماوەی‌ جەنگ دەستیپێکردووە و لە ئێستادا بەشێک لە هاوڵاتیان گەڕاونەتەوە گەڕەکی‌ جزیرە لە شاری‌ رەقەدا.

هــ. ر


PM:02:40:20/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 2452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو