نێچیرڤان بارزانی: پابه‌ندین به‌ ده‌ستوور له‌ چوارچێوه‌ی عیراقێكی فیدراڵدا

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران

وێستگه‌ نیوز ـ
دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند "دەبێت سەرجەم مادەکانی دەستوری عیراق جێبەجێ بکرێت، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمیش لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە تاکلایەنە بووە و تەمیز ناکرێتەوە و نوێنەری هەرێم لەو دانیشتنەدا ئامادە نەبووە کە بڕیارەکەی تێدا دراوە".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی ریفراندۆمی وەڵامی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عیراقی دایەوە و رایگەیاند: "ئەگەر بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیانەوێت عیراق سەقامگیربێت، دەبێت عیراق زۆر جددی و زۆر بە پەرۆش بێت لە جێبەجێکردنی دەستوور".

راشیگه‌یاند: "دەستوور بۆ ئێمە یەک پاکێجە و لە مادەی یەکەمەوە تا کۆتایی دەبێت هەمووی بەیەکەوە جێبەجێبکرێت، ناکرێت تەنیا ئەو مادانە جێبەجێ بکەن کە خۆیان دەیانەوێت، ئێمە پێمانوایە ئەگەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێبکرێت هیچ کێشەیەک لەم وڵاتە نامێنێت، تەنانەت ئەگەر دەستوور جێبەجێکرابا پێویستی بە ئەنجامدانی گشتپرسیش نەدەکرد". 

وتیشی: "بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتاییە و هەڵناوەشێتەوە، بەداخەوە ئەوان تاکلایەنە بڕیارەکەیان داوە".

لەبارەی مووچە و بودجەش وتی: "ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە مووچە دابینبکەین، ئەوەی پێمانکراوە کردوومانە و لە داهاتووشدا بەپێی داهات دابینی دەکەین، لەگەڵ بەغداش لەبارەی بودجە لەسەر خەتین، بەڵام لە پڕۆژەیاسای بودجە زووڵمێکی زۆر لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، زووڵمێکی وا دەکرێت کە تەسەورناکرێت و بەهەموو شێوەیەک زووڵمە، گەڕانەوەی پڕۆژەیاسای بودجەش لە پەرلەمانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەرفەتێکە، هیوادارم زووڵمەکە نەهێڵدرێت".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەش کە هەفتەی رابردوو رێزیان لە راڤەی دادگای فیدراڵی گرت بۆ مادەی یەکی دەستوور، ئایا رێز لە بڕیارەکەی ئەمڕۆش دەگرن کە رایگەیاند ریفراندۆم نادەستوورییە و دەبێت سەرجەم لێکەوتە و ئەنجامەکانی هەڵبووەشێنەوە، رایگەیاند: "مافی کورد لە دەستوور جێگیرکراوە، هیچ قانوون و مادەیەک ناتوانێت تێکی بدات، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت هیچ کێشە و گرفتێک لەنێوان هەولێر و بەغدا نامێنێت".

لەبارەی داخستنی فڕۆکەخانەکانیش رایگەیاند: "پێشێلکارێکی نادەستووری، نایاسایی و نامرۆڤانەیە، ئەگەر دەیانەوێت بزانن لە فڕۆکەخانەکان چی دەکەن، فەرموون بابێن ئێمە ئامادەین، بەڵام داخستنیان پێشێلکارییەکی مرۆڤایەتییە".

هــ. ر


PM:02:12:20/11/2017








ئه‌م بابه‌ته 3120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو