بەریتانیا: هاوکاردەبین بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عیراق کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 19ی تشرینی دووه‌می2017 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی له جۆن ویڵكس، باڵیۆزی نوێی به‌ریتانیا له عیراق كرد. 

بەپێی راگەیه‌ندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی نوێی به‌ریتانیا له عیراق رایگەیاند "بەریتانیا بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك له‌پێناو دەستپێكردنی دیالۆگێكی جددی  بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان لە نێوان هەولێر و بەغدا ئاماده‌یه". 

هەروەها "ده‌ستخۆشی لە هه‌ڵوێستی حكومەتی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه به‌رامبه‌ر به رووداو و گرژییەكانی ئەم دواییە له‌گه‌ڵ به‌غدا هەوڵی داوە گرژییەكان كەمبكرێنەوە و كەشێكی ئارام بۆ گفتوگۆ دروست بكرێت". 

جۆن ویڵكس، باڵیۆزی نوێی به‌ریتانیا له عیراق سه‌باره‌ت به رێكخراوی داعش ئاشكرای كرد "داعش لە رووی سەربازییەوە شكستی هێناوە، بەڵام هزری داعش هێشتا هەر ماوە، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یشی ده‌بێ زیاتر لە جاران لە هه‌موو روویه‌كه‌وه پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا په‌ره‌یان پێبدرێت".

هاوکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا وتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە خوازیاری گفتوگۆیەكی جددی دوور لە تووندوتیژی بووە". بە پێویستیشی زانی "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی خۆی لە ره‌خساندنی زەمینەی دیالۆگ لەنێوان هه‌ردوولادا، بگێڕێت".

لە کۆبوونەوەکەدا، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عیراق، پرسه و سه‌ره‌خۆشیی شاژنی شانشینی یه‌كگرتووی بۆ قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی هه‌رێمی كوردستان دەربڕی و ئاماده‌یی به‌ریتانیای بۆ ناردنی هاوكاریی مرۆیی و پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیاندە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

راشیگەیاند "بەریتانیا خوازیارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتێكی بەهێزی هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی، ئابووری و ئاسایشەوە هه‌بێت، هه‌روه‌ها هیوای به‌رده‌وامی بۆ پەیوەندییە باشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عیراق خواست".

لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی به‌ریتانیا له عیراق خواست و هاوكاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ كار و چالاكییه‌كانی و پته‌وكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا دووپاتكرده‌وه‌. 

هــ. ر


PM:07:07:19/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 2675 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو