حكومه‌تی‌ عیراق گۆڕانكاری‌ له‌ به‌شه‌بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات


وێستگه‌ نیوز ـ
حكومه‌تی‌ عیراق بڕیاری‌ دا گۆڕانكاری‌ له‌ به‌شه‌بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكات به‌جۆرێك كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ بگونجێت.

سه‌عد حه‌دیسی‌ وته‌بێژی‌ نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی‌ "سپوتنیك"ی‌ روسی‌، رایگه‌یاند كه‌ "دوای‌ كۆتاییهێنانی‌ وتووێژه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، پێداچوونه‌وه‌ی‌ كۆتایی به‌ پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ 2018دا ده‌كرێت".

سه‌عد حه‌دیسی‌ وتی‌: "له‌ چه‌ند رۆژی‌ داهاتوودا پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ 2018 ره‌وانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بدرێت".

وته‌بێژی‌ نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ عه‌بادی‌ ئاشكراشیكرد كه‌ "پشكی‌ هه‌رێك له‌ بودجه‌ گۆڕانكاری‌ تێدا ده‌كرێت به‌ جۆرێك كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ بگونجێت".

وتیشی‌: "بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی‌ داهاته‌كانی‌ وڵاتدا، پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی دانیشتووانی، به‌راورد به‌ ژماره‌ی دانیشتووانی عیراق ده‌گۆڕدرێت".

له‌ ره‌شنووسی‌ پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ 2018ی‌ عیراقدا پشكی‌ هه‌رێم له‌ سه‌دا 17ه‌وه‌ بۆ سه‌دا 12.67 كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ لێكه‌وته‌وه‌ و داوایان له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق كردووه‌ پێداچوونه‌وه‌ی‌ تێدا بكات.

به‌پێی نووسراوێك كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ 18-11-2017  سه‌ڵاحه‌دین ئه‌حمه‌د عه‌بدولعه‌زیز، ئه‌مینداری گشتیی په‌رله‌مانی عیراق به‌وه‌كاله‌ت ئاڕاسته‌ی ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق به‌وه‌كاله‌تی‌ كردووه‌، په‌رله‌مانی عیراق پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2018ی بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عیراق گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "ئاماژه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ی رۆژی هه‌ینی 17-11-2017 و له‌سه‌ر داخوازیتان، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی ئیتیحادی كۆماری عیراق بۆ ساڵی 2018تان بۆ ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌".


AM:09:36:19/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 17623 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو