په‌رله‌مانتارێك: عه‌بادی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی راگرتووه‌


وێستگه‌ نیوز –
په‌رله‌مانتارێكی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی‌ ده‌ستپێكردنی‌ وتووێژی‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق په‌سه‌ندكردنی‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی راگرتووه‌.


د.فه‌رهاد قادر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی‌ حزبه‌كه‌ی‌ راگه‌یاند كه‌ "دواكه‌وتنی ئیمزاكردنی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2018 له‌ لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غداوه‌ هه‌یه‌".

د.فه‌رهاد قادر وتی: "به‌هۆی هه‌وڵه‌كانی هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، وورده‌ وورده‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق به‌ره‌و باشتر ده‌چن".

وتیشی‌: "به‌ بۆچوونی من، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌چاوه‌ڕوانی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ردوولادایه‌ و نایه‌وێت تاكلایه‌نه‌ له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2018 بڕیاربدات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ راشیگه‌یاند: "بڕیاره‌ سبه‌ی په‌رله‌مانی عیراق كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ دیارنییه‌ و پرسی بودجه‌ش تا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌كرێت نایه‌ته‌ كارنامه‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌".

زیاتر له‌ 10 رۆژه‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتی عیراق له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ و له‌ئێستاشدا په‌رله‌مانی عیراق له‌چاوه‌ڕوانی ناردنی پرۆژه‌ یاساكه‌دایه‌ تا ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

 له‌ ره‌شنووسی‌ پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ 2018ی‌ عیراقدا پشكی‌ هه‌رێم له‌ سه‌دا 17ه‌وه‌ بۆ سه‌دا 12.67 كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ لێكه‌وته‌وه‌ و داوایان له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق كردووه‌ پێداچوونه‌وه‌ی‌ تێدا بكات.


PM:01:26:18/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 4403 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو