دوا مۆڵگه‌ی‌ داعش له‌ عیراق كۆنترۆڵ‌ كرا


وێستگه‌ نیوز –
هێزه‌ عیراقییه‌كان توانییان دوا مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ رێكخراوی‌ داعش له‌ عیراق كۆنترۆڵ‌ بكه‌ن.

فه‌ریق روكن عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاره‌ڵا فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ پاككردنه‌وه‌ی‌ به‌رزاییه‌كانی‌ فوڕات و جه‌زیره‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی‌: "هێزه‌كانی‌ یه‌كه‌كانی‌ فه‌رمانده‌یی پڕۆسه‌كانی‌ جه‌زیره‌ و حه‌شدی‌ عه‌شایه‌ری‌ قه‌زای‌ راوه‌یان به‌ته‌واوی‌ كۆنترۆڵ‌ كرد و ئاڵای‌ عیراقیان له‌سه‌ر بیناكانی‌ به‌رزكرده‌وه‌".

پێشتر فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان رایگه‌یاند كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ قه‌زای‌ راوه‌یان له‌ رۆژئاوای‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار كه‌ دوا مۆڵگه‌ی‌ داعشه‌ له‌ عیراق ده‌ستپێكردووه‌.

هێزه‌ عیراقییه‌كان توانییان پردێكی‌ ئه‌ندازیاری‌ له‌سه‌ر رووباری‌ فوڕات دابنێن كه‌ هاوكار بوو له‌ تێپه‌ڕینی‌ یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌ره‌و شاری‌ راوه‌.

رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئێستادا داعش سه‌دا 95ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی كه‌ پێشتر له‌ عیراق و سوریا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا بوو، له‌ده‌ست داوه‌.

له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا هێزه‌ عیراقییه‌كان توانییان هه‌ردوو شاری‌ عانه‌ و قائیمی‌ سه‌ر به‌ پارێزگاری‌ ئه‌نبار له‌ سه‌ر سنووری‌ سوریا كۆنترۆڵ‌ بكه‌ن.


PM:12:48:17/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 2544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت