‌وته‌بێژی‌ پارتی‌ له‌ كه‌ركوك: مه‌رزی‌ باشماخ ته‌نها بۆ ئاودیوكردنی‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك كراوه‌ته‌وه‌

وێستگه‌ نیوز -
وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركووك-گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ رۆژانه‌ 260 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ كه‌ركوك به‌ تانكه‌ر له‌ سنووری باشماخ ره‌وانه‌ی ئێران ده‌كرێت، جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كه‌ ئه‌و سنووره‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و گروپی 16ی ئۆكتۆبه‌ریش به‌شی خۆیان هه‌یه‌ له‌و نه‌وته‌.

ماڵپه‌ڕی‌ ره‌سمی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ زاری‌ عه‌دنان كه‌ركوكی وته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه‌ له‌ كه‌ركوك- گه‌رمیان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "نه‌وتی كه‌ركووك رۆژانه‌ به‌ سنووری باشماخ ده‌ڕواته‌ ئێران، كه‌ ئه‌و سنووره‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌".
عه‌دنان كه‌ركوكی ده‌ڵێت: "دیاره‌ گروپی 16ی ئۆكتۆبه‌ریش به‌شی خۆیان هه‌یه‌ له‌و نه‌وته‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مه‌رزی باشماخه‌وه‌ ئاودیوی ئێران بكه‌ن".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "ئه‌وه‌ی عیراق ئاشكرای كردووه‌ رۆژانه‌ 30 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ره‌وانه‌ی ئێران ده‌كرێت و بۆ 60 هه‌زار به‌رمیل زیای‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌".

وتیشی‌: "ئه‌وه‌ی كه‌ لای من هه‌یه‌ رۆژانه‌ 260 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ تانكه‌ر ڕه‌وانه‌ی ئێران ده‌كرێت".

وته‌بێژه‌كه‌ی‌ پارتی‌ له‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "تانكه‌ره‌كانیش زۆربه‌یان هی وڵاتی ئێرانن، شه‌و و ڕۆژ نه‌وت له‌ كه‌یوان ده‌گوازنه‌وه‌، كه‌ له‌ كه‌یوان 16 شه‌معه‌ هه‌یه‌، بۆ پڕكردنی ئه‌و تانكه‌رانه‌ له‌ نه‌وت، هه‌ر شه‌معه‌یه‌كیش به‌ ماوه‌ی 20 خوله‌ك تانكه‌رێكی 36 هه‌زار لیتری پڕ ده‌كات له‌ نه‌وت، له‌ هه‌ر 20 خوله‌كێك 16 تانكه‌ری 36 هه‌زار لیتری پڕ له‌ نه‌وت ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێر ئه‌وانه‌ كار بكه‌ن، بۆیه‌ رۆژ و شه‌و زیاتر له‌ 260 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ئێران ده‌كرێت".

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "به‌ڵام چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌فرۆشرێت ئه‌وه‌ دیار نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ لێ دڵنیاین، ئه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی پاره‌ی پتڕۆدۆلار نادرێت به‌ ئیداره‌ی كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش ئێران و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ له‌ كه‌ركوكه‌ له‌ پشته‌وه‌یه‌تی، چونكه‌ وه‌كو وتم، كردنه‌وه‌ی مه‌رزی باشماخ به‌س بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ نه‌وت ره‌وانه‌ی ئێران بكه‌ن، كه‌ پێشووتریش لێی ڕه‌وانه‌ ده‌كرا، حكومه‌تی عیراقیش ئاگاداره‌، چونكه‌ به‌ نیازن بۆڕیه‌كی نه‌وت له‌ كه‌ركووك بۆ كرماشان رابكێشن و رۆژانه‌ 650 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و بۆریه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ئێران بكرێت".

عه‌دنان كه‌ركوكی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "دۆخی كه‌ركوك ئێستا خراپه‌، له‌سایه‌ی ئه‌و داگیركاریه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ كراوه‌، ترس و تۆقاندن به‌رده‌وامه‌، له‌ رووی ئه‌منییه‌وه‌، له‌ هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان مه‌فره‌زه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی دابه‌ش بوونه‌ و ماڵ به‌ ماڵ ده‌گه‌ڕێن و ماڵی هاووڵاتیان تاڵان ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر بینا به‌رزه‌كانیش قه‌ناس به‌ ده‌ستیان له‌سه‌ره‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر جووڵه‌یه‌ك له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كورده‌وه‌ هه‌بێت لێیان بده‌ن، ئه‌وه‌ش بۆ ترس و تۆقاندنی خه‌ڵكه‌، ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ كه‌ خه‌ڵك هه‌ست به‌  نائارامی بكات، به‌تایبه‌تی به‌ شه‌وان خه‌ڵك ده‌گرن و چاره‌نووسیان نادیاره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شه‌وانه‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ریان".

رۆژی 25-9-2017 ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و شاری كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان ئەنجامدرا و بەپێی ئەنجامەكانیش 93%ی دەنگی بەڵێَ بوو، بەڵام دواتر حكومەت و پەرلەمانی عیراق ژمارەیەك بڕیاریان لە دژی كوردستان دەكرد و ئێوارەی رۆژی 29-9-2017 گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكان راگیران.

لە 16ی تشرینی یەكەمی 2017، هێرشی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك و ناوچە جێ ناكۆكەكانی هەرێم ده‌ستی‌ پێكرد و دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ شاری‌ كه‌ركوك و دووزخورماتوو و داقووقیان كۆنترۆڵ‌ كرده‌وه‌ و ئاڵای‌ كوردستانیان له‌سه‌ر بینای‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك داگرت و ئاڵای‌ عیراقیان له‌ شوێنی‌ هه‌ڵكرد.

 رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 2017/10/17 هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌خمور، گوێر، شه‌نگال، سنونێ‌، باشیك به‌نداوی موسڵ كشانه‌وه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ئه‌و ناوچانه‌، هاوكات هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ناو خانه‌قین و جه‌له‌ولا و ئاڵای‌ عیراقیان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ڵكرد.

سه‌رله‌به‌یانی رۆژی‌ هه‌ینی‌ 2017/10/20 هێزه‌ عیراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی چوونه‌ نێو شارۆچكه‌ی پردێ كه‌ له‌ڕووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركوكه‌ و دوا ناوچه‌ی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ بوو كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پێشمه‌رگه‌دا بوو، به‌وشێوه‌یه‌ش سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردستانییه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان له‌ ده‌ستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نه‌مان و چوونه‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ عیراق.


AM:11:55:17/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 20372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




زۆرترین خوێندراو