سەعدی پیرە: حکومەتی رزگاریی نیشتمانی تەنیا دروشمە

‌سەعدی پیرە

وێستگه‌ نیوز ـ
سه‌عدی پیره‌، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ره‌كان له‌به‌رده‌م پێكهێنانی‌ حکومەتی رزگاریی نیشتمانی تەنیا دروشمەو لە دروشمیش دەرناچێت.
 
لەمیانەی بەرێوەچوونی مەراسیمی چلەی ماتەمینی سه‌رۆك مام جه‌لال، كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ 10ی تشرینی دووه‌می 2017، له‌سه‌ر گڵكۆكه‌ی‌ له‌ ده‌باشان به‌ڕێوه‌چو، سەعدی پیرە، وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ دایه‌وه‌.

له‌باره‌ی‌ پێكهێنانی‌ حکومەتی رزگاریی نیشتمانیه‌وه‌ سه‌عدی پیره‌ وتی‌: "ئەوە تەنیا دروشمەو لەدروشمیش دەرناچێت، لەم ماوەیە ئەمریکا لێدوانی داو رایگەیاند پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان‌و داخوازییەکانیان دەکەین‌ و پشتیوانی لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، تەنانەت ناوی سەرۆک‌ و جێگری سەرۆکی حکومەت دەهێنێت‌ و دەڵێ پشتیوانییان دەکەین، بەو لایەنانەش دەڵێت کە داوای حکومەتی رزگاری نیشتمانی دەکەن، پشتیوانی لەو حکومەتەی ئێستا بکەن".
 
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوای روداوه‌كانی‌ 16ی‌ تشرینی یه‌كه‌می شاری‌ كه‌ركوك‌ و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ بزووتنەوەی گۆڕان‌ و کۆمەڵی ئیسلامی‌ و لیسته‌كه‌ی‌ بەرهەم ساڵح، داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ئێستا و پێكهێنانی‌ حکومەتی رزگاری نیشتمانیان كرد.
 
سەعدی پیرە ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "ئەگەر بیانەوێت ئەم حکومەتە لابدەن، دەبێت دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمان بێنن، ئەمەشیان پێنایەت، ئەگەر حکومەتی رزگاریی نیشتمانیشیان دروستکرد ئەی نابێت یەکێک بۆیان جێبەجێ بکات، خۆیان دەڵێن چوار لەسەر پێنجی هەموو کارمەندانی کوردستان یەکێتین یان پارتین، ئەی ئەگەر یەکێتی‌ و پارتی لەگەڵ ئەو حکومەتە نەبن کێ کاریان بۆ دەکات؟".

هــ. ر


PM:11:56:10/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 3284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو