بڕیاردەری لیژنەی دارایی: 200 هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێم به‌ نایاسایی خانه‌نشین كراون

‌ئەحمەد حاجی رەشید

وێستگه‌ نیوز ـ
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ میانه‌ی سیمینارێكدا له‌ شاری سلێمانی رایگه‌یاند، 200 هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ نایاسایی خانه‌نشین كراون، 430 هه‌زار چه‌كداریش به‌ناوی پێشمه‌رگه‌وه‌ مووچه‌ وه‌رده‌گرن.

ئەوەشی ئاشکراکرد، لە نێو خانەنشینکراواندا 960 پله‌ باڵا هەن، بێ ئه‌وه‌ی ده‌وامیان كردبێت.

وتیشی: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی بەڕێوەبردنی دارایی هه‌بووه‌ نه‌ك كێشه‌ی نه‌بوونی پاره‌، لەبەرئەوەی له‌دوای ساڵی 2005 ه‌وه‌ تا 2015 زیاتر له‌ 100 ترلیۆن دینار هاتووەته‌ كوردستان".

ئەحمەد حاجی رەشید باسی لەوەشکرد، ئه‌گه‌ر ئه‌م پاره‌یه‌ بۆ ژێرخانی ئابووری خەرج بكرایه‌ ئه‌وا هەرێمی کوردستان رووبه‌ڕووی ئه‌م كێشانه‌ی ئێستا نه‌ده‌بووه‌وه‌.

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌ "ئەو كاتەی پارەیەکی زۆر لە بەغدادەوە دەهاتە هەرێم، خه‌ڵكی بەلێشاو دامه‌زرێندراوه‌."

هەروەها باسی لە دامەزراندنی نایاسیی کردو وتی، "دامەزراوانی 2005 له‌ هەرێمی كوردستان به‌ رێژه‌ی67%  بڕوانامه‌یان له‌ خوار شه‌شی سه‌ره‌تایی بووه".

ئەم قسانەی ئەحمەدی حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دوو رۆژ پاش ئەو لێدوانەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق دێت، کە وتی: "ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و پێشمەرگە لە ژێر وردبینیندایە و زۆربەی دروست نییە".

هەروەها رۆژێک پێش قسەکانی حەیدەر عەبادی و لە شەشی ئەم مانگە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە هەولێر رایگەیاند، ئەوان ئەگەر رێژەی 17%ی بودجەی ساڵی داهاتووی عیراق بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکرێت و تەواوی مووچەی هەرێم بە پێی سیستمی بایۆمەتری بدرێت، ئامادەن نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بکەن و گفتوگۆ لەوبارەیەوە بکەن و ئامادەشن لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بدەنە بەغدا بۆ ئەوەی مووچەی هەرێم دابین بکەن وەک خۆی.

هــ. ر


PM:02:50:09/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 5688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو