به‌رپرسێكی‌ ئه‌وقاف بۆ یادكردنه‌وه‌ی‌ چله‌ی‌ ئیمام حسێن شیعه‌كان روونكردنه‌وه‌ ده‌دات


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال

 به‌رپرسێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف و كاروباری‌ ئاینی‌ دڵنیایی‌ ده‌داته‌ په‌یڕه‌وانی‌ مه‌زهه‌بی‌ شیعه‌ كه‌ مه‌راسیمه‌كانی‌ چله‌ی‌ ئیمام حسێن به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.  

مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف و كاروباری‌ ئاینی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوز-ی‌ راگه‌یاند، گرژییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌غدا هیچ كاریگه‌رییه‌كی‌ بۆ یادكرنه‌وه‌ی‌ چله‌ی‌ ئیمام حسێن كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ مه‌زهه‌بی‌ شیعه‌ نابێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌ و زوڵمێكه‌ حكومه‌تی‌ عیراق به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌یكات. 

وتیشی: "ئێمه‌ ئه‌و گرژییانه‌ له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی‌ شیعه‌ حساب ناكه‌ین، به‌ڵكو له‌ وه‌زاره‌ت به‌شێوه‌یه‌كی‌ پره‌نسیپ باوه‌ڕمان به‌ پێكه‌وه‌ژیانی‌ ئاینی‌ هه‌یه‌ و خه‌ڵكی‌ كوردستانیش به‌شێكیان شیعه‌ مه‌زهه‌بن". 

نه‌قشبه‌ندی‌ وتیشی‌ "هه‌ندێك له‌ شیعه‌كانیش هاتنه‌ لامان و جۆرێك له‌ شه‌رم و ترسیان له‌ چۆنیه‌تی‌ یادكردنه‌وه‌كه‌ هه‌بوو، به‌ڵام ئێمه‌ دڵنه‌واییمان پێداون كه‌ یادكردنه‌وه‌كه‌ وه‌ك جارانی‌ پێشوو ده‌بێت".
  
بڕیار وایه‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوو یادی‌ چله‌ی‌ عاشورا كه‌ یادێكه‌ تایبه‌ته‌ به‌ مه‌زهه‌بی‌ شیعه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ عیراق به‌ڕێوه‌ بچێت، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، نێوانی‌ كوردستان و عیراق له‌وپه‌ڕی‌ خراپیدایه‌.


PM:12:08:08/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 13304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو