نێچیرڤان بارزانی: ئامادەین لیستی مووچەخۆرانی هەرێم رادەستی بەغدا بکەین

‌نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم

وێستگه‌ نیوز ـ
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ تێده‌په‌ڕێنن و ده‌بێت واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و كه‌سی بهێنن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە هەولێر رایگەیاند: ئەوان ئەگەر رێژەی 17%ی بودجەی ساڵی داهاتووی عیراق بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکرێت و تەواوی مووچەی هەرێم بە پێی سیستمی بایۆمەتری بدرێت، ئامادەن نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بکەن و گفتوگۆ لەوبارەیەوە بکەن.

راشیگه‌یاند: "حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماده‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستوردا گفتوگۆیه‌كی‌ سازنده‌ و رێكوپێك له‌گه‌ڵ عیراقدا بكات، بۆئه‌وه‌ی‌ بگه‌ین ئه‌ ئه‌نجامێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندنی‌ هه‌موو گه‌لی‌ عێراق و گه‌لی‌ كوردستاندا بێت". 

وتیشی‌: "ئێمه‌ پێمان وانیه‌ كێشه‌كان به‌سه‌ربازی‌ چاره‌سه‌رده‌بن، پێمان وانیه‌ به‌ هێنانی‌ سوپا كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین و كێشه‌كان گفتوگۆیه‌كی‌ سیاسی‌ و جدی‌ ده‌وێت بۆ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی‌ ئێمه‌ له‌ عیراق و كوردستان هه‌مانه‌". 

سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌، "14 ساڵی‌ رابردوو بۆ هه‌ردولامان ده‌رسبووه‌ به‌وه‌ی‌ كێ‌ له‌ چ قۆناغێكدا به‌قووه‌ت بووه‌ كێ‌ له‌ چ قۆناغێكدا زه‌عیفه‌، كێشه‌كان به‌ لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر ده‌بێت". 

سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ وتی‌: "تێبینیامان زۆره‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ هه‌یه‌، له‌ پرۆژه‌یاساكه‌دا باس له‌ قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناكات و باسی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان ده‌كات، ئه‌مه‌ش پێشێلكاری‌ ده‌ستوری‌ عیراقه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ ده‌ستوور قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناوی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌". 

لەبارەی ناردنی مووچەش لە بەغداوە جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌ "ئەگەر بەغدا نییەتی هەیە مووچه‌ بنێرێت، ئێمە ئامادەین و هیچ رێگرییەکمان نییە، با بەپێی داتاکانی بایۆمەتری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و ئاماده‌ی‌ گفتوگۆین له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت مووچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم بنێرن". 

سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان داواشی‌ له‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا كرد ئاگربه‌ستێكی‌ به‌رده‌وام هه‌بێت و "داوا ده‌كه‌ین به‌په‌له‌ به‌غدا ره‌زامه‌ند بێت كه‌ دیالۆگێكی‌ سیاسی‌ جدی‌ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و كێشه‌كان بدۆزینه‌وه‌". 

له‌سه‌ر داهاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌، داهاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زۆر كه‌می‌ كردووه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ له‌كه‌ركوك روویداو و زیاتر له‌ نیوه‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌می‌ كردووه‌ و كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌، "بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بكه‌وینه‌ رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌وه‌ی‌ زۆر گرنگه‌ بۆ ئێمه‌ به‌غدا پابه‌ندنی‌ ئه‌وه‌بێت كه‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم به‌ته‌واوه‌تی‌ دابین بكات". 

ئاشكراشیكرد كه‌، "ئەگەر به‌غدا رێژەی 17%ی بودجەی ساڵی داهاتووی عیراق بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکرێت و تەواوی مووچەی هەرێم بە پێی سیستمی بایۆمەتری بدرێت، ئامادەن نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بکەین". 

سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ وه‌یزره‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌شێكه‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌م وڵاته‌دا و ئه‌وان خاوه‌نی‌ ژماره‌یه‌ك كورسین له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، زۆر به‌داخه‌وه‌ بۆ ئه‌و كێشانه‌ی‌ له‌ رابردوودا رویدا، پێم باشه‌ وه‌زیرانی‌ گۆڕان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ خۆیان ده‌ست به‌كاره‌كانیان بكه‌نه‌وه‌.

هــ. ر


PM:12:28:06/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 6908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو