په‌رله‌مانتارێك: موچه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ بودجه‌ی ساڵی داهاتوودا وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی كوتله‌ی به‌در له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئاشكرایكرد كه‌ له‌ بودجه‌ی گشتیی 2018ی عیراق، موچه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

محه‌مه‌د ناجی، سه‌رۆكی كوتله‌ی به‌در له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند: سه‌رجه‌م چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی، موچه‌ی ته‌واو له‌ ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گرن و له‌ بودجه‌ی ساڵی داهاتوشدا موچه‌ی ئه‌و هێزه‌ وه‌ك ئه‌مساڵ ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆخۆی كێشه‌یه‌ بۆ بودجه‌.

به‌وته‌ی سه‌رۆكی كوتله‌ی به‌در، یاسای حه‌شدی شه‌عبی كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران په‌سه‌ندی كردوه‌، له‌ هه‌ندێك بڕگه‌دا پێویستی به‌ یاسایه‌كی ناوخۆیی هه‌یه‌ و حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانیش لیژنه‌یه‌كی له‌پێناو داڕشتنه‌وه‌ و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕگانه‌ پێكهێناوه‌ و دواترش ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت.

له‌ 2ی تشرینی دووه‌می 2017، ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌د، وته‌بێژی حه‌شدی شه‌عبی داوایكرد موچه‌ی هه‌موو كارمه‌ندێكی حه‌شد وه‌ك مافێك له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت جێگیر بكرێ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ره‌شنوسی پرۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه‌ كه‌ تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی خانه‌نشینیی حه‌شد و مافی كه‌سوكاره‌كانیان.

له‌ 3ی تشرینی دووه‌میشدا حه‌مدییه‌ حسه‌ینی، په‌رله‌مانتاری كولته‌ی مواتن پشتیوانیی له‌ هه‌ڵمه‌تێكی واژوكۆكرنه‌وه‌ كرد تا موچه‌ی حه‌شدی شه‌عبی بخرێته‌ ناو بودجه‌ی 2018ی عیراق و هاشێوه‌كردنی موچه‌كانیان به‌ كارمه‌ندانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگریی عیراق.

پێدانی موچه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و به‌ یاسایی كردنی ئه‌و هێزانه‌ له‌ پێكهاته‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق و دابینكردنی موچه‌ بۆیان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ حكومه‌تی عیراق ئاماده‌ نییه‌ موچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات كه‌ له‌ پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ له‌ده‌ستی داعش هاوكار و هه‌ماهه‌نگی سوپا و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ربه‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ بووه‌.

ر.ع


PM:11:37:05/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 4267 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو