ئاسایشی گشتی‌ هەولێر راگەیەندراوێکی‌ بڵاوکردەوە

‌دیمەنی خۆپیشاندانەی شەوی رابردووی پەرلەمانی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی‌ هەولێر ڕاگەیەندراوێکی‌  لەبارەی‌ رووداوەکانی‌ شەوی رابردووی پەرلەمانەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، هەندی گێرەشوێن مەبەستیانە فیتنە و ئاژاوە بنێنەوە و رێگەیان نادەن.

لە راگەیەندراوەکەدا کە درەنگانێکی‌ ئەمشەو بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: "دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، هەندی گێرەشێوێن مەبەستیانە فیتنە و ئاژاوە بنێنەوە، دڵنیایی دەدەینە گشت هاوڵاتیانی کوردستان کە رێگە نادەین بە هیچ شێوەیەک مەترسی و هەڕەشە لە سەر هیچ کەس و لایەنێک دروست ببێت".

ئەوەشی تیادا هاتووە: "هەندێک لەم گێرەشوێنانە دەستگیر کراون و رێکاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتە بەر".

دوێنێ پەرلەمانی‌ کوردستان کۆبوونەوەیەکی‌ ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا نامەیەکی‌ بارزانی‌ خوێندرایەوە، کە تیایدا راگەیاندبوو، ئامادە نییە بەردەوام بێت لە پۆستی‌ سەرۆکایەتی هەرێم و داواشی‌ کردبوو یاسای‌ سەرۆکایەتیی‌ هەرێم هەموار نەکرێتەوە.

لە کاتی‌ بەڕێوەچوونی‌ دانیشتنەکەی‌ پەرلەماندا چەند کەسێک هێرشیان کردە سەر رابوون مەعروف ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان و رێگرییان لێکرد کۆنفڕانسە رۆژنامەنووسییەکەی‌ ئەنجام بدات.

لە هەوڵەکانی‌ هەڕەشەکردن لە رابوون مەعروف، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان، رابوون مەعروف لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتار و هێزی پارتییەوە لە ناو پەرلەماندا دەستبەسەر کرا و هەڕەشەی کوشتنیان لێکرد.

هەر لە بەردەوامیی‌ هێرشەکان بۆ سەر پەرلەمان، رێبوار کاکەیی‌ پەیامنێری‌ ئێن ئاڕ تی‌ و ساڵح هەرکی پەیامنێری‌ کەی‌ ئێن ئێن لەلایەن ئەو هێرشبەرانەوە هێرشیان کرایەسەر و بریندارکران و ئازاردران. هەروەها سەنتەری میترۆ رایگەیاندبوو، ئەوەی‌ لە پەرلەمان روویدا لوتکەی‌ بێڕێزی‌ بوو بە یاسا رێگریکردن لە کەناڵەکانی‌ ئێن ئاڕ تی‌ و کەی ئێن ئێن بۆ رووماڵکرنی‌ رووداوەکان جەوهەری ئەو هێزانەی ئاشكراكرد كە رێگەیان بۆ ئەم هێرشانە خۆشكرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە شه‌وی رابردوو لە قەزای‌ زاخۆ ژمارەیەک کەس هێرشیان کردە سەر مەکۆی‌ گۆڕان و کۆمیتەی‌ یەکێتی‌ و رادیۆی‌ ئاشتی‌ لە بینای‌ کۆمیتەی‌ یەکێتی و ئەو دوو بارەگا حزبییە و ئەو رادیۆیەیان سوتاند. 

بارزانی‌ لە ساڵی‌ 2013وە بە درێژکراوەیی‌ لە پۆستی‌ سەرۆکی‌ هەرێمی‌ کوردستاندا بووە تا ئێستا و لە نامەکەیدا باسی‌ پێشهاتەکانی‌ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی‌ هەرێمی‌ کوردستان و هەروەها رووداوەکانی‌ دوای‌ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆمی نەکردووە، کە بووەهۆی‌ لەدەستدانی‌ نزیکەی‌ 51% خاکی‌ کوردستان.

هــ. ر


AM:08:33:30/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 13376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو