به‌ وێنه‌.. كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی سه‌ربازی هه‌رێم و سوپای عیراق له‌ موسڵ

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە.. وێنەکان تایبەت بە وێستگە نیوز

وێستگه‌ نیوز ـ 
وه‌فدێكی سه‌ربازی هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تی كه‌ریم شنگالی، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌كاله‌ت و فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی حه‌فتاو چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌ی پێشمه‌رگه‌، له‌ موسڵ له‌گه‌ڵ وه‌فدی هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌دان.

به‌پێی زانیارییه‌كانی وێستگه‌ نیوز، وه‌فدی باڵای پێشمەرگە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 29ی تشرینی یه‌كه‌می2017، بەرەو شاری موسڵ بە رێكەوتن و ئێستا لەگەڵ وه‌فدی هێزە عیراقییەکان لە کۆبوونەوەدان.

بڕیاره‌ وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم لەسەر هەموو ئەو پرسانە گفتوگۆ بكەن، كە بەم دواییە لە نێوان هەرێمی كوردستان ‌و حكومەتی عیراقی دروستبوون، بەتایبەت پرسی خاڵە سنوورییەكان و درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربه‌ستی نێوان پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ عیراقییه‌كان تا گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌.

پێتریش، وه‌فدێكی باڵای پێشمه‌رگه‌ بۆ هەمان پرس، چوونه‌ شاری موسڵ و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی عیراقی كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر راوەستانی شەڕ لەنێوان هەردوولا كرایەوە.

لە 16ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، حەشدی شەعبی ‌و سوپای عیراق هێرشیان كردە سەر باشووری كوردستان و كەركووك و خورماتوو و هەندێ ناوچەی دیكەیان كۆنترۆڵكرد، دوای ئەوەش هێرشەكانیان بەردەوامبوو و توانیان شنگال و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ن و پێشمه‌رگه‌ له‌و شوێنانه‌ كشایه‌وه‌. 

حكومەتی عیراقیش لە رۆژی هەینییەوە بۆ ماوەی 24 كاژێر جوڵە سەربازییەكانی راگرت، چوونی شاندی سەربازی هەرێمی كوردستان بۆ موسڵ ‌و كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی عیراق، بووە هۆی درێژكردنەوەی ماوەی ئاگربەستەكە.

هــ. ر


PM:06:23:29/10/2017














ئه‌م بابه‌ته 19364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو