نەتەوە یەکگرتووەکان: حکومەتی سوریا بەرپرسیارە لە بەکارهێنانی غازی سارین لە خان شەیخون

‌یەکێک لە بەرکەوتووەکانی چەکە کیمیاییەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، حکومەتی سوریا لە پشت بەکارهێنانی غازی سارینەوەیە لە خان شەیخون کە بووە هۆی کوژرانی 80 کەس.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ لیژنەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ئامادەیان کردووە ئاماژەی بەوە کرد، دڵنیان کە دیمەشق غازی سارینی لە ناوچەی خان شەیخون بەکارهێناوە کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای سوریاوە.

هاوکات نیکی هەیلی باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی "راپۆرتەکە ئەوەی دڵنیا کردەوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمانزانی، ڕاستە کە دیمەشق بەرپرسیارە."

راشیگەیاند "جارێکی تر بۆمان دەرکەوت کە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، بەڵام سەرەڕای ئەم راپۆرتە هێشتا هەندێک وڵات پارێزگاری لە ئەسەد دەکەن. پێویستە ئێستا ئەوە کۆتایی بێت."

لەماوەی ڕابردوودا بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ئاماژەی بەوە کرد کە بابەتەکە هەڵبەستراوە و ساختەکراوە.

ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە خان شەیخونی لەژێر دەستدایە ڕایگەیاند، ڕووداوەکە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی سوپای سوریاوە بووە لە خان شەیخون، بەڵام حکومەتی  سوریا و مۆسکۆش دەڵێن هێرشەکە کۆگایەکی ئۆپۆزسیۆنی کردووەتە ئامانج کە چەکی کیمیایی تێدابووە.

 ڕۆژی ٤ی نیسانی 2017 بەهۆی بۆردومانی شارۆچکەی خان شەیخونی سەر بە پارێزگای ئیدلیب زیاتر لە 80 کەس کوژران و زیاتر لە 500 کەسی دیکەش  برینداربوون، سەرچاوە پزیشکییەکانیش ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، کە بۆمبەکان هەڵگری گازیی کیمیایی بوون.

بەرەبەیانی ڕۆژی 7ی هەما مانگ، بە بڕیاری ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، سوپای ئەمریکا لە دەریای ناوەڕاستەوە 59 موشەکی کروز و تۆماهۆکی ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی ئەلشەعیرات کرد لە پارێزگای حومس، کە سوپای ئەمریکا پێی وایە هێرشە کیمیاییەکە لەو فڕۆکەخانەیەوە ئەنجامدراوە.

هــ. ر


PM:12:25:27/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 3390 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو