ئه‌مریكا: ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس تیرۆریسته‌

‌ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس و هادی عامری و قاسم سولەیمانی لە ناو کۆمەڵێک چەکداری حەشدی شەعبی

وێستگه‌ نیوز ـ
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی تیرۆریستە.

دوێنێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانیدا، رۆژنامەنووسێک پرسیار لە هێزەر ناورت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات و دەپرسێت "ئەبو مەهدی موهەندیس سەرۆکی کەتائیبی حزبوڵا کە گەنجینەکەی بووە هۆی دروستکردنی تیرۆرستێک بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمریکی و عیراقییەکان لە ساڵی 2009دا، بنکەیەکی سەربازگیری لە کەرکوک کردووەتەوە، هیچ شتێکت هەیە لەو بارەیەوە؟".

ناوبراو لە وەڵامدا وتی "ئەو راپۆرتەم بینی پێشتر، تۆ راست دەکەیت، ئەو تیرۆرستە. ناتوانم ئەو راپۆرتە پشتڕاست بکەمەوە، بەڵام ئەگەر راست بێت، هیوادارم هەوڵەکانی بۆ سەربازگیری بە شێوەیەکی زۆر خراپ شکست بهێنێت".

هێزەر ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە "ئەبو مەهدی موهەندیس بەشێکە لە حەشدی شەعبی و حکومەتی عیراق و ئێرانیش پشتگیری دەکات، ئایا دەبێت عیراقییەکان دژی بووەستنەوە؟" وتی ئاشکرایە کە ناوبراو "تیرۆرستە" بەبێ ئەوەی هیچ شتێکی تر بڵێت لەبارەیەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای کرد میلیشیا ئێرانییەکان لە عیراق بچنە دەرەوە.

هاوکات بەشداریکردنی حەشدی شەعبی، لە هێرشەکانی ئەمدواییەی هێزە عیراقییەکان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان بەرپرسان و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکای نیگەران کردووە، جۆن مەکین سیناتۆری کۆمارییەکان چەند رۆژێک لەمەوبەر وتی: "ئەگەر داوا بکرێت ئەمریکا لە نێوان کورد و حەشدی شەعبیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەوا من کورد هەڵدەبژێرم".

هــ. ر


AM:10:39:27/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 9424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو