دووەم دەروازەی سنووری لە نێوان تورکیا و عيراق دەکرێتەوە

‌نیهاد توفەنکچی، وەزیری گومرگ و بازرگانی تورکیا

وێستگه‌ نیوز ـ
نیهاد توفەنکچی، وەزیری گومرگ و بازرگانی تورکیا رایگەیاند کە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عیراق گەیشتوونەتە هاوڕایی بۆ کردنەوەی دەرەوازەی سنووری ئۆڤاکۆی.

لە میانی بەشداریکردن لە دیسکی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە تورکیا چی دەکات دوای سەردانیکردنی سەرۆک وەزیرانی عیراق حەیدەر عەبادی بۆ ئەو وڵاتە بۆ گەمارۆخستنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، نیهاد توفەنکچی وه‌زیری گومرگ و بازرگانی توركیا جەختی لەوە کردەوە کە عیراق هاوسێیەکی گرنگی تورکیایە. 

تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تورکیا هەمیشە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی تورکیا بووە و لە سەردانەکەی دوێنێی عەبادیشدا تەوەرەکانی وەک ئاسایش، نەوت و بازرگانی هێنراونەتە بەرباس.

توفەنکچی ئاماژەی بەوە دا کە بەپێچەوانەی ئەوەی دەوترێ پشکی زۆری بارزگانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندییە نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە دەروازەی سنووری خابوور کە تاکە دەروازەی سنووری نێوان تورکیا و عیراقە ساڵانێکی زۆر لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بووە و بەم هۆیەوە داهاتێکی باشی لەو دەروازەیەوە دەستکەوتووە.

توفەنکچی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی ناوەندیدابن و وتی: "چاوەڕوانی ئەو هەنگاوانەین بۆ ئەوەی دەروازە سنوورییەکان بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی ناوەندی. 

لە کۆبوونەوەکاندا دووەمین دەروازەی سنووری کە دەروازەی سنووری ئۆڤاکۆیە خرایە بەرباس، ئەم دەوازە سنوورییە لە رووی زەمینەسازی یاساییەوە کارەکانی تەواو بوون و چاوەڕوانی حکوومەتی ناوەندین هەنگاو بنێ لەمبارەیەوە. لەبارەی کردنەوەی دووەم دەروازەی سنووری گەیشتینە هاوڕایی، تا ئێستا بەهۆی ناکۆکی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، نەکراوەتەوە. 

راشیگه‌یاند: "حکومەتی ناوەندیش دەیەوێت ئەو دەروازە سنوورییە بکرێتەوە. پێویستە ئاسایشی رێگا بەدی بهێنین. لەوانەیە پەیەدە/ پەکەکە، داعش و پێشمەرگه فشار بخەنە سەر ئەو رێیە، لەم رووەوە پێویستە عیراق یاخود ئێمە ئاسایشی ئەو ناوچەیە دەستەبەر بکەین، دوای هەنگاونان لەمبارەیەوە دەروازەی سنووری ئۆڤاکۆی دەتواندرێت بکرێتەوە، لە لای ئێمەوە کە بڕیارەکە درا رێگرێکی یاسایی نییە".

توفەنکچی ئاماژەی بەوەشدا کە لە ئەگەری بڕیارەکەدا رێڕەوەکە پێویستی بە پردێکە، ئەمەش بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رێگای وشکانی پێی هەڵدەستێ. 

هــ. ر


PM:02:58:26/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 10146 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو