سیروان بارزانی داوا له‌ عه‌لی سیستانی ده‌كات رێگه‌ له‌ خوێنڕشتن بگرێت

‌سیروان بارزانی و سیستانی

وێستگه‌ نیوزـ

سیروان بارزانی نامەیەکی ئاراستەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عیراق كرد و داوای لێدەکات رۆڵی خۆی بگێڕیت له‌ رێگرتن له‌ خوێنڕشتن و نه‌هێڵیت پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان شیعە و کورد هه‌سه‌ر بهێنێت.

سیروان بارزان ی  لە نامەكه‌یدا نوسیویەتی "دەمانەوێت بە بەڕێزتان رابگەیەنین کە ئەوەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ڕودەدات لە ململانێی نێوان کورد و شیعە و پێکدادانە سەربازییەکان لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بە هێچ شێوەیەک کارێکی خوازراو نییە".

سیروان بارزانی ده‌ڵێت "ئێمە بە دڵنیاییەوە دەزانین کە فتوای بەڕێزتان بۆ پێکهێنانی حەشدی شەعبی بۆ وەستانەوە بووە بە روی تیرۆریستانی داعش و تەکفیرییەکان و پارێزگاریکردن بووە لە ڕۆحی عێراقییەکان  نەک شەڕی گەلێکی سەلامەت لە کوردستان، هەروەها بە هیچ شێوەیەک فتوا نەبووە بۆ شەڕی برا کوردەکانتان، ئێمە ستایشی هەڵوێستی بەڕێزتان و فتوا حەکیمەکانتان دەکەیەن بۆ ڕاگرتنی خوێنڕێژییەکان".

لە بەشێکی تری نامەکەیدا سیروان بارزانی نوسیویەتی "ئێمە دڵنیاین کە سەماحەتی بەریزتان تەواو ئاگادارە کە ئێمەی کورد و شیعە چیمان بەسەرهاتووە لەسەر دەستی سیستمەکانی پێشوو لە زوڵم و ملهوڕێ، ئێمە ڕێڕەوێکی هاوبەشمان هەبووە لە تێکۆشان لە یەک سەنگەردا لە دژی دکتاتۆریەت و جینۆساید، ناخوازین ئەو مێژووە دوورودرێژە بە پشتیوانی لایەنی دەرەکی بشێوێنرێت، کە تەنها بەرژەوەندییەکانی خۆی بەلاوە گرنگە، پێکدادانەکان و شەڕی چەند رۆژی رابردووی نێوان رۆڵەکانمان لە گۆڕەپانی جەنگ ئەوەیان دەرخست کە لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە".

سیروان بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە "بۆ ئێمە و بەڕێزیشتان ئاشکرا بووە، ئەوانەی کە بەناوی مافەکانی گەلان و مرۆڤایەتی و دیموکراسییەوە قسە دەکەن، ئاگاداری ئەو هەموو ڕاستیانە نین، تەنها هەڵوێستیان بێدەنگی بوو لە ئاست بەردەوامبوونی شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی."

هەر لەو نامەیەدا کە ئاراستەی سیستانی کردووە، سیروان بارزانی رایگەیاندووە "چاوەڕوانی ئەوە لە بەڕێزتان دەکەین کە بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتنەکان و هەرەسنەهێنانی پەیوەندییە مێژووییە هاوبەشەکانی نێوان کورد و شیعە و کارکردن لە پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی کە بە هۆی ڕوداوەکانی ئەم دواییەی کەرکوک و ئاڵتون کۆپری و دوزخورماتوو لەنێوان ڕۆڵەکانی گەلەکەماندا دروستبووە".

لە کۆتایی نامەکەیدا سیروان بارزانی نوسیویەتی "ئەوەی لە بەڕێزتان چاوەڕێ دەکەین سەرباری پێکدادانە سەربازییەکان و شەڕەقسە و ئیستیفزازکردن لە ڕاگەیاندنەوەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، کە ئاماژەن بۆ قۆناغێکی داهاتووی مەترسیدار و ناتوانرێت گرەنتی بدرێت بە چارەسەری یەکلایەنە بۆیان ئەوەیە کە بێ دەستوەردانی یەکلاکەرەوەی بەڕێزتان و دەربڕینی هەڵوێستێکی نیشتیمانی لە پێناو پاراستنی خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتیمانە".

شەوی دووشەممە 16ی‌ تشرینی‌ یەکەمی 2017، هێزە عیراقییەکان هێرشیان بۆ سەر کەرکوک و دەوروبەری و دەستپێکرد و تا ئێوارەی‌ هه‌مان رۆژ، ناحیەی‌ تازە و قه‌زای دوزخومارتوو ه‌ ناوچه‌كانی داقوق و قەرەتەپە و بنکەی‌ سەربازیی‌ کەیوان و فڕۆکەخانەی‌ کەرکوک و کۆمپانیای‌ غازی‌ باکور  و چەند شوێنێکی‌ تری شاری‌ کەرکوکیان کۆنتڕۆڵکرد. 

لە شەڕەکانی‌ ئەو ڕۆژەدا لانی كه‌م 30 پێشمەگەر شەهیدبوون و زیاتر لە 50ی دیكه‌ش برینداربوون و دواتر لە کەرکوک و دەورووبەری‌ پاشەکشیان کرد.

هێزە عیراقییەکان لە بەردەوامیی‌ پێشڕەوییەکانیاندا و لە دوای‌ کشانەوەی‌ هێزەکانی‌ پێشمەرگە ڕۆژی‌ 17ی‌ تشرینی‌ یەکەمی 2017، بەبێ تەقە چوونە ناوچه‌كانی خانەقین و جەلەولا و مەخمور و دوبز و کێڵگە نەوتییەکانی‌ هاڤانا و بای‌ حەسەن و ناوچه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك گوێر و باشیک و شەنگال و بەنداوی‌ موسڵ.

ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەم هێزە عیراقییەکان كه‌ له‌ سوپای‌ عیراق و حەشدی‌ شەعبی و پۆلیسی‌ فیدڕاڵی و یەکەی‌ دژە تیرۆر پێكهاتبوون، بە پاساوی‌ ئەوەی‌ پردێ بەشێکە لە پارێزگای‌ کەرکوک، هێرشیانکردە سەر ئەو ناحیەیە و دوای‌ شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی‌ پێشمەرگە لەو میحوەرەدا چوونە ئەو ناحیەیە و کۆنتڕۆڵیان کرد. 

فەرماندەیی‌ پێشمەرگە لەو میحوەرەدا رایگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ 15 تانک و هەمەر و ئالیاتی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەلایەن پێشمەگەرەوە تێکشکێنراوە و زیاتر لە 150 چەکداری‌ حەشدی شەعبیش بەهۆی‌ بەرەنگاریی‌ پێشمەرگەوە کوژراون.

ر.ع


PM:10:17:21/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 15713 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو