وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ توركیا: ئیداره‌ی هه‌رێم بۆ ریش چوو، سمێڵیشی له‌سه‌ر دانا

‌وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ توركیا

وێستگه‌ نیوز -
 جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران و وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ توركیا رایگه‌یاند كه‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی لێهات كه‌ بۆ ریش چوو، سمێڵیشی له‌سه‌ر دانا، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ كه‌ركوك شارێكی‌ توركمانییه‌.


به‌كر بۆزداغ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران و وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ توركیا: له‌باره‌ی سزاكانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ "هه‌ر جۆره‌ بژارده‌یه‌ك به‌رامبه‌ر پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆیه‌. پێشتریش رامانگه‌یاندووه‌. سه‌ره‌تا چ جۆره‌ هه‌نگاوێك ده‌نێین و دواتر چ هه‌نگاوێكی دیكه‌ ده‌نێین، مه‌رجه‌كانیش دیاری ده‌كرێن. چ جۆره‌ پێشهاتێك سه‌ر هه‌ڵبدا به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ پلانمان هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردن و كار به‌وه‌ ده‌كه‌ین".

به‌كر بۆزداغ وتی‌: "له‌ كه‌ركووك عه‌ره‌به‌كان، توركمانه‌كان، كورده‌كان ده‌ژین و، كه‌ركوك به‌ شارێكی دێرینی توركمان ناسراوه‌. كه‌واته‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌و پێكهاته‌ دیموگرافیه‌ی كه‌ركووك بپارێزرێت، هه‌ڵوێستێك هه‌بێت و پارێزگاری لێبكرێت".

وتیشی‌: "توركیا به‌توندی دژ به‌ هه‌ر هه‌نگاوێكه‌ كه‌ رێكخراوی تیرۆریستیی په‌كه‌كه‌ بیگرێته‌به‌ر له‌ ناوچه‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی كاریگه‌ر دابمه‌زرێنێت و ببێته‌ خاوه‌ن قسه‌ تیایدا".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "توركیا پێشتریش ده‌یانجار ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ هه‌ڵوێستی زۆر توندی ده‌بێت به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌. هه‌رگیز ناگونجێت قبووڵی ئه‌وه‌ بكه‌ین رێكخراوی تیرۆریستیی له‌وێ ناوچه‌ی كاریگه‌ر دروست بكات. كه‌سیش مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ چاوه‌ڕوانی ره‌زامه‌ندی نیشاندانی ئه‌وه‌مان لێبكات".

به‌كر بۆزداغ له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هێزه‌كانی عیراق له‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئیداره‌ی هه‌رێمیی باكووری عیراق وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی لێهات كه‌ بۆ ریش چوو سمێڵیشی له‌سه‌ر دانا. هه‌موومان به‌چاوی خۆمان ده‌بینین ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی نا بۆ رێگه‌خۆشكردن بۆ ناسه‌قامگیری و ئاژاوه‌، ئه‌وان بوون. چاودێری ره‌وشه‌كه‌ ده‌كه‌ین بزانین به‌ كوێ ده‌گات، هه‌موومان به‌ چاوی خۆمان ده‌یبینین".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ئێمه‌ وه‌ك توركیا ده‌ڵێین كه‌ركووك له‌ نێو یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و ده‌ستوور و یه‌كڕیزی سیاسیی ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگێندرێت و توركیاش پشتگیری ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ده‌كات".

به‌ره‌به‌یانی 16-10-2017 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك، وه‌زیرانی عیراق هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی راسپارد بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌ پارێزگای كه‌ركوك، راشیگه‌یاند، سورن له‌سه‌ر پاراستنی‌ سه‌لامه‌تی‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئاسایش بۆ ئه‌و شاره‌، وتیشی "داوا له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین ئه‌ركه‌كانی‌ له‌ژێر فه‌رمانی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدا جێبه‌جێبكات".

له‌ به‌رده‌وامیی‌ جموجوڵی‌ هێزه‌ عیراقییه‌كاندا، ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ ئه‌و هێزانه‌ به‌ره‌و كه‌ركوك پێشڕه‌وییان كرد و ناحیه‌ی‌ تازه‌ و به‌شێك له‌ دوزخومارتو وبنكه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ كه‌یوان و چه‌ند شوێنێكی‌ باشوری‌ شاری‌ كه‌ركوكیان كۆنتڕۆڵكرد، به‌پێی دوایین ئامار یه‌كێتی 86 شه‌هید و 162 بریندار و 37 ونبوو و دیلی هه‌یه‌.

به‌هۆی هێرشی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و كه‌ركوك له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشه‌یان كرد، ئێواره‌ی‌ 16-10-2017 هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ گه‌یشتنه‌ شاری‌ كه‌ركوك و بینای‌ پارێزگایان كۆنتڕۆڵكرد و ئاڵای‌ كوردستانیان داگرت.

رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ش هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌خمور، گوێر، شه‌نگال، سنونێ‌، باشیك به‌نداوی موسڵ كشانه‌وه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ئه‌و ناوچانه‌، هاوكات هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ناو خانه‌قین و جه‌له‌ولا و ئاڵای‌ عیراقیان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ڵكرد.

له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌شدا بارزانی دوای ئه‌و رووداوانه‌، رایگه‌یاند "ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك رویدا ده‌رئه‌نجامی بڕیاری تاكلایه‌نه‌ی چه‌ند كه‌سێكی نێو لایه‌نێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بووه"‌.

هه‌روه‌ها حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا رایگه‌یاند " ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور داوای دیالۆگ ده‌كه‌ن و پێشتریش به‌ سه‌ركرده‌كانی كوردم وت ریفراندۆم یه‌كه‌مجار زیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیانی كورد ده‌دات".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق راشیگه‌یاند: "ئێستا ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێم كۆتایی هاتووه‌و بووه‌ به‌ به‌شێك  له‌ رابردوو".


AM:08:11:20/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 2280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو