سەركردەیەكی یەكێتی: هەرێم دوو داوای عێراقی جێبەجێكرد

‌فەرید ئەسەسەرد

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ حكومەتی عیراق فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری وەرگرتۆتەوە و هێزێكیشیان چۆتە هەولێَر و ژمارەیەك دیلی داعشیشی وەرگرتووە.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند "ئێستا دەڕۆینە قۆناغی رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لە چوارچێوەی دەستور بەو مەرجەی كە دەستور دەقا و دەق جێبەجێ بكرێت، ئەوە مەرجێكی بەغدایە كە ناتوانین رەتی بكەینەوە".

ناوبراو روونیكردەوە، بەغدا بەبێ گەڕانەوە بۆ كوردستان دەستی پێكردووە، چونكە بەغدا دەست لە سێ پرسی زۆر گرنگ هەڵناگرن ئەوانیش نەوت كە دەبێت رێككەوتنی تازەی لەسەر بكرێت، فڕۆكەخانەكان و پاشان دەروازە سنوورییەكان.

ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەدا، فڕۆكەخانەكان لە دەستووردا رەنگە زۆر بە روونی باس نەكرابێت، بەڵام لەدەرەوەی دەستور وەكو دەروازە سنورییەكان حسابی بۆ دەكرێت ئەوەش پێویستی بە ئیدارەیەكی هاوبەشە، چونكە فڕۆكەخانەكان جگە لە گەشتی هاوڵاتیان، بنكەیەكی گومرگییە بۆیە دەبێت رێكبخریت، دەستوور ئەوەی بە باشی رێكنەخستووە، بەڵام دەكرێت مامەڵەی دەروازە سنورییەكانی لەگەڵدا بكرێت.

فەرید ئەسەسەرد وتی "دەروازە سنوورییەكان ماددەی 114 رێكیخستووە كە بەڕێوەبردنی ئەو دەروازانە لە هەرێمەكان و پارێزگاكان لە دەسەڵاتە هاوبەشەكانە لە نێوان هەرێم و پارێزگاكان و حكومەتی فیدراڵ، بەڵام یاسای نییە، بۆیە پێویستی بە دەرچوونی یاسایە، ماددەیەكی دیكەش هەیە باسی دەروازە سنوورییەكان دەكات ئەویش گومرگە كاروباری گومرگ دەسەڵاتێكی حەسرییە بە حكومەتی فیدراڵی، بەڵام ئەوە بە ماددەیەكی سەربەخۆ دیاریكراوە لەبەرئەوەی دەروازە سنورییەكان دەروازەن بۆ هاتووچۆ بەپێی دەستوور بەپێی یاسایەك ئیدارەدانی بە هەماهەنگی بێت، بەڵام وەرگرتنی گومرگ لە دەروازەكان تایبەت دەبێت بە حكومەتی فیدراڵ".

بۆ نەوتیش وتی "دەبێت بڕۆینەوە ماددەكانی 111 و 112 و بكرێنە كرداریی بەشێوەیەك هەردوولا قازانجی لێبكەن".

سەبارەت بە چۆنیەتی رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانیش، سەركردەكەی یەكێتی وتی "دەبێت بەپێی خشتەیەكی زەمەنی بێت، بۆ نموونە رەنگە هەندێكی پەیوەندی بە یاسا بێت، دەروازە سنوورییەكان هەمووی لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمدا نابێت و بەپێی دەستوریش هەمووی لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ نابێت، بەڵام دەبێت پەرلەمانی عیراق یاسایەكی بۆ دەربكات، چونكە لەماددەی 114دا دەروازە سنورییەكان یەكێكە لە دەسەڵاتە هاوبەشەكان وشەی (ئیدارە یان هەماهەنگی) تێدایە".

دەربارەی كات بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، ناوبراو ئاشكرایكرد "لە ئەمڕۆوە پەیوەندییەكان دەستی بە ئاساییكردنەوە كردووە، چونكە هەرێم هەموو هێزەكانی لە دەرەوەی سنووری هەرێم كێشاوەتەوە، وەرگرتنەوەی فڕۆكەخانەكانیش دەستی پێكردووە و ئەمڕۆ حكومەتی عیراق فڕۆكەخانەی هەولێری وەرگرتۆتەوە، هەندیك دیلی داعشیش لای هێزی پێشمەرگە هەبووە، ئەمڕۆ هێزێك رۆیشتووە ژمارەیەكیانی وەرگرتۆتەوە"، بۆ وەرگرتنەوەی فڕۆكەخانەی سلێمانیش وتی "ئەوەی سلێمانیش هەر كاتێك بیانەوێت دەتوانن وەریبگرنەوە".

ناوبراو وتیشی "ئەوەندەی ئاگادارین حكومەتی عیراق دەتوانێت هەندێك لە دەروازە سنوورییەكان هەڵبوەشێنێتەوە رەنگە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هەڵبوەشێنێتەوە و دەروازەیەكی دیكە دروست بكات، بەڵام ئەوە نەبووەتە بڕیار، هەروەها ئەو دەروازەیەی كە دروستی دەكات رەنگە هەمووی لەژێر دەسەڵاتی خۆی بێت ئەگەر لە دەرەوەی سنووری هەرێم بێت، بەڵام ئەگەر هەر ئەوەی ئیبراهیم خەلیل بێت، ئەو كاتە ئەوەی ئیبراهیم خەلیل و ئەوانەی لە سنووری ئێرانیشن هەمووی ئیدارەیەكی هاوبەشی بۆ دادەنرێت و مەسەلەی گومرگیش حكومەتی عیراق سەرپەرشتی دەكات".

بەرەبەیانی 16-10-2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك، وەزیرانی عیراق هێزە ئەمنییەكانی راسپارد بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە پارێزگای كەركوك، راشیگەیاند، سورن لەسەر پاراستنی‌ سەلامەتی‌ خەڵكی كەركوك و گەڕاندنەوەی‌ ئاسایش بۆ ئەو شارە، وتیشی "داوا لە پێشمەرگە دەكەین ئەركەكانی‌ لەژێر فەرمانی‌ حكومەتی‌ ناوەندیدا جێبەجێبكات".

لە بەردەوامیی‌ جموجوڵی‌ هێزە عیراقییەكاندا، ئێوارەی هەمان رۆژ ئەو هێزانە بەرەو كەركوك پێشڕەوییان كرد و ناحیەی‌ تازە و بەشێك لە دوزخومارتو وبنكەی‌ سەربازیی‌ كەیوان و چەند شوێنێكی‌ باشوری‌ شاری‌ كەركوكیان كۆنتڕۆڵكرد، بەپێی دوایین ئامار یەكێتی 86 شەهید و 162 بریندار و 37 ونبوو و دیلی هەیە.

بەهۆی هێرشی چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچە دابڕاوەكان و كەركوك لە چەند ناوچەیەك هێزەكانی پێشمەرگە پاشەكشەیان كرد، ئێوارەی‌ 16-10-2017 هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ گەیشتنە شاری‌ كەركوك و بینای‌ پارێزگایان كۆنتڕۆڵكرد و ئاڵای‌ كوردستانیان داگرت. ئەمڕۆش هێزەكانی پێشمەرگە لە مەخمور و گوێڕ و قەراج  كشانەوە.

لە رۆژی 16-10-2017 بەشێكی زۆری خەڵكی شاری كەركوك ماڵ و حاڵیان جێهێشت و روویان كردە شارەكانی هەولێر و سلێمانی.

ئێوارەی دوێنێش بارزانی یەكەم پەیامی دوای رووداوەكانی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك رویدا ده‌رئه‌نجامی بڕیاری تاكلایه‌نه‌ی چه‌ند كه‌سێكی نێو لایه‌نێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بووه"‌.

هەروەها حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا رایگەیاند " ئەوان لەسەر بنەمای دەستور داوای دیالۆگ دەکەن و پێشتریش به‌ سه‌ركرده‌كانی كوردم وت ریفراندۆم یه‌كه‌مجار زیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیانی كورد ده‌دات".

سەرۆک وەزیرانی عیراق راشیگەیاند: "ئێستا ریفراندۆمەکەی هەرێم کۆتایی هاتووەو بووە بە بەشێک  لە رابردوو."

لە نوێترین پێشهاتیشدا فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق مەرسومی لادانی د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوكی لە پۆستەكەی دەركرد.


PM:11:43:18/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 90724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو