وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عیراق: له‌مه‌ودوا نه‌وتی كه‌ركوك له‌لایه‌ن سۆمۆوه‌ ھه‌نارده‌ ده‌كرێت


وێستگه‌ نیوز –
وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ له‌مه‌ودوا نه‌وتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ كه‌ركوك له‌لایه‌ن كۆمپانیای‌ به‌بازاڕكردنی‌ نه‌وتی‌ عیراق "سۆمۆ"وه‌ ھه‌نارده‌ ده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ جه‌بار لعێبی وه‌زیری نه‌وتی عیراق رایگه‌یاند كه‌ "دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقییه‌وه‌، وه‌زاره‌ته‌كه‌مان میكانیزمی نوێ بۆ ھه‌ناردنه‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك داده‌نێت".

وه‌زیری نه‌وتی عیراق وتی‌: "پێشتر ھه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی ھه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بووه‌ و ھیچ چاودێرییه‌كی به‌غدای له‌سه‌ر نه‌بووه‌".

وتیشی‌: "له‌مه‌ودوا ھه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ڕێی كۆمپانیای به‌بازاڕكردنی نه‌وتی عیراق "سۆمۆ"وه‌ ده‌بێت و میكانیزمێكی نوێ بۆ ھه‌نارده‌كردنی داده‌نرێت".

به‌ره‌به‌یانی دوێنێَ سێشه‌ممه‌ 2017/10/16 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك، وه‌زیرانی عیراق هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی راسپارد بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌ پارێزگای كه‌ركوك، راشیگه‌یاند، سورن له‌سه‌ر پاراستنی‌ سه‌لامه‌تی‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئاسایش بۆ ئه‌و شاره‌، وتیشی "داوا له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین ئه‌ركه‌كانی‌ له‌ژێر فه‌رمانی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدا جێبه‌جێبكات".

له‌ به‌رده‌وامیی‌ جموجوڵی‌ هێزه‌ عیراقییه‌كاندا، دوێنێ ئه‌و هێزانه‌ به‌ره‌و كه‌ركوك پێشڕه‌وییان كرد و ناحیه‌ی‌ تازه‌ و به‌شێك له‌ دوزخومارتو وبنكه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ كه‌یوان و چه‌ند شوێنێكی‌ باشوری‌ شاری‌ كه‌ركوكیان كۆنتڕۆڵكرد، به‌پێی دوایین ئامار یه‌كێتی 86 شه‌هید و 162 بریندار و 37 ونبوو و دیلی هه‌یه‌.

به‌هۆی هێرشی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و كه‌ركوك له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشه‌یان كرد، ئێواره‌ی‌ دوێنێش هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ گه‌یشتنه‌ شاری‌ كه‌ركوك و بینای‌ پارێزگایان كۆنتڕۆڵكرد و ئاڵای‌ كوردستانیان داگرت. ئه‌مڕۆش هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌خمور و گوێڕ و قه‌راج  كشانه‌وه‌.


PM:05:46:17/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 63485 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو