بارزانی: ئەوەی لە کەرکوک رویدا بڕیارێکی تاکلایەنە بوو


وێستگه‌ نیوزـ
 
له‌ یه‌كه‌م په‌یامیدا له‌دوای روداوه‌كانی رۆژی دوشمه‌ 16ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، بارزانی له‌ یه‌كه‌م په‌یامیدا رایگه‌یاند ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك رویدا ده‌رئه‌نجامی بڕیاری تاكلایه‌نه‌ی چه‌ند كه‌سێكی نێو لایه‌نێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بووه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا بارزانی رایگه‌یاندوه‌ ئه‌و بڕیاره‌ "دواجار بووە هۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەو شێوەیەی كە دیترا پاشەكشە بكەن و لە دەرئەنجامی ئەم پاشەكشەیە، هێڵی تەماسی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە 17ی 10ی 2016 لەنێوان بەغدا و هەولێر بووە بە بنەمای لەیەكگەییشتن لە چۆنییەتیی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی عێراقی و هەرێمی كوردستان."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا بارزانی ده‌ڵێت: "جەماوەری كوردستان دڵنیا دەكەینەوە ئەوەی پێویستە و دەكرێ، لەپێناو پاراستنی دەستكەوتنەكانمان و ئارامی و ئاساییشی خەڵكدا ئەنجامی دەدەین."

دەقی پەیامەکەی بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

ڕای گشتیی كوردستان و عێراق و جیهان

بە درێژایی مێژوو گەلی كوردستان لەژێر هەڕەشە و زوڵمدا بووە و مافەكانی پێشێل كراوە. لەو مێژووەدا گەلی كوردستان بەرگریی لە ناسنامەی خۆی كردووە و تووشی جینۆساید و كۆمەڵكوژی هاتووە كە دوایینیان پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بووە بۆ سەر كوردستان و جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی. لەگەڵ ئەوەیشدا گەلی كوردستان هەمیشە لە ڕوانگەی چارەسەری ئاشتیانەدا هەنگاوی ناوە و هیچ كاتێك شەڕمان نەویستووە، بەڵكو شەڕمان بەسەردا سەپێندراوە و هەموو هەوڵێكمان بۆ چارەسەری ئاشتیانە داوە بۆ مانەوەمان و گەییشتنمان بە ئامانجەكانمان. ئامانجی سەرەكیشمان هەمیشە ئاساییش و مافەكانی گەلی كوردستان بووە.

هاووڵاتیانی خۆشەویست

ئەوەی لە شاری كەركووك ڕووی داوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەی چەند كەسێك لەنێو لایەنێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بوو، كە دواجار بووە هۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەو شێوەیەی كە دیترا پاشەكشە بكەن و لە دەرئەنجامی ئەم پاشەكشەیە، هێڵی تەماسی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە 17ـی 10ـی 2016 لەنێوان بەغدا و هەولێر بووە بە بنەمای لەیەكگەییشتن لە چۆنییەتیی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی عێراقی و هەرێمی كوردستان.

جەماوەری كوردستان دڵنیا دەكەینەوە ئەوەی پێویستە و دەكرێ، لەپێناو پاراستنی دەستكەوتنەكانمان و ئارامی و ئاساییشی خەڵكدا ئەنجامی دەدەین.

ئێستایش داكۆكی لەسەر پاراستنی یەكڕیزی و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و هێزە سیاسییەكان دەكەینەوە و، داوایش لە دەزگەكانی ڕاگەیاندن دەكەم بە گشتی لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی هەستیاری كوردستان و عێراقدا بكەن.

گەلی خۆڕاگری كوردستان، جەماوەری دڵسۆز و خۆبەخشەكان، پێشمەرگە قارەمانەكان، كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانمان، ئەو خوێنەی ڕۆڵەكانتان لەڕێگەی ئازادیی كوردستان بەخشیویانە و ئیمڕۆش هەر دەبەخشرێ، ئەو دەنگە زوڵاڵە بەرزەی كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان خستانەڕوو و گەیاندتانە گشت گەلان و وڵاتانی جیهان، ڕۆژێك لە ڕۆژان بە فیڕۆ ناچێت و بەفیڕۆیش نایدەین.

گەلی كوردستان بە هیمەتی هێز و ڕۆڵە قارەمانەكانی زوو یان درەنگ هەر دەگاتە ئامانجە ڕەوا و پیرۆزەكانی. ئیمڕۆ ڕۆژی باوەڕبوونە بە هێز و یەكڕیزیی گەلەكەمان.

مسعود بارزانی
17ـی 10ـی 2017

رۆژی دوشه‌ممه‌ 16ی تشرینی یەکەمی 2017، هێزە عیراقییەکان شاری کەرکوکیان کۆنترۆڵکرد، دواتر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، چونی هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەو ناوچانە بە رێککەوتن بووە.

بەرەبەیانی دووشەممە، حەیدەر عەبادی سەرۆک، وەزیرانی عیراق هێزە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە پارێزگای کەرکوک، راشیگەیاند، سورن لەسەر پاراستنی‌ سەلامەتی‌ خەڵکی کەرکوک و گەڕاندنەوەی‌ ئاسایش بۆ ئەو شارە، وتیشی "داوا لە پێشمەرگە دەکەین ئەرکەکانی‌ لەژێر فەرمانی‌ حکومەتی‌ ناوەندیدا جێبەجێبکات".

لە بەردەوامیی‌ جموجوڵی‌ هێزە عیراقییەکاندا، رۆژی دووشەممە ئەو هێزانە بەرەو کەرکوک پێشڕەوییان کرد و ناحیەی‌ تازە و بەشێک لە دوزخومارتو وبنکەی‌ سەربازیی‌ کەیوان و چەند شوێنێکی‌ باشوری‌ شاری‌ کەرکوکیان کۆنتڕۆڵکرد و 24 پێشمەرگە شەهیدبوون و 70ی دیكه‌ش برینداربوون.

بەهۆی هێرشی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و کەرکوک له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشه‌یان كرد، ئێواره‌ی‌ هه‌مان رۆژ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ گه‌یشتنه‌ شاری‌ كه‌ركوك و بینای‌ پارێزگایان كۆنتڕۆڵكرد و ئاڵای‌ كوردستانیان داگرت و ئاڵای عیراقیان لە دیوانی پارێزگادا هەڵکرد.


PM:05:45:17/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 5232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو