حه‌شدی شه‌عبی قایمقامێكی نوێی بۆ شنگال دانا


وێستگه‌ نیوز ـ
مەحما خەلیل، قایمقامی‌ شنگال رایگەیاند، حەشدی‌ شەعبی‌ قایمقامێکی‌ ناشەرعی‌ بۆ شنگال داناوە و بەهیچ شێوەیەک دانی‌ پێدا نانێم و لەکارەکانم بەردەوام دەبم.

مەحما خەلیل، قایمقامی‌ شنگال بە ماڵپه‌ری ئێن ئاڕ تی‌ راگەیاند، ئەمڕۆ حەشدی‌ شەعبی‌ قایمقامێکی‌ ناشەرعی‌ بۆ شنگال داناوە، بەناوی‌ فەهمی‌ ئەبو سعود، کە کەسێکی‌ ئێزیدییە.

هەروەها وتی‌: "هەتا ئێستاش من قایمقامی‌ شنگالم و دەستبەرداری‌ ئەو پۆستە نابم، چونکە من شەرعیەتم لە میللەت وەرگرتووە لە رێگای‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاوە وەرگرتووە، بۆیە من شەرعیەتم هەیە و کاری‌ خۆم دەکەم".

مەحما خەلیل ئەوەشی‌ وت، پێشتریش داعش قایمقامی‌ بۆ شنگال دانا، بەڵام ئەنجامەکەی‌ چی‌ بوو؟ بۆیە ئەو کەسەی‌ کە حەشدی‌ شەعبی‌ بەدیکتاتۆری‌ دایناوە بۆی‌ ناچێتەسەر و هەر من بە قایمقام دەمێنمەوە.

به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، فەرماندەیەکی‌ پێشمەرگە لە شەنگال رایگەیاند، هێزە عیراقییەکان لە هەردوو قۆڵی‌ تل قەسف و تل بەناتەوە هێرشیان کردە سەر شنگال.

ئەو فەرماندەیەی‌ پێشمەرگە ئەوەشی‌ وت: "لە ئێستادا هێزە عیراقییەکان لە ناوەندی‌ شنگالدان".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌پێی وته‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی، ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ لێیه‌وه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان هاتوونه‌ته‌ ناو شنگاله‌وه‌ به‌ ده‌ست هێزه‌كه‌ی حه‌یده‌ر شه‌شۆوه‌ بووه‌.

سه‌ركرده‌كه‌ی پارتی بۆ وێستگه‌ نیوز ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ سه‌نته‌ری قه‌زای شنگالدان.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەرەبەیانی‌ دوێنێ هێزە عیراقیەکان هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی‌ پێشمەرگە لە تلوەرد و تازە خۆرماتوو، لەوێشەوە بەرەو کەرکوک هاتن، لە ئێوارەی‌ دوێنێدا توانیان شاری‌ کەرکوک کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.

لەلایەن خۆشیانەوە هەریەکە لە یەکێتی‌ و پارتی‌ یەکتری‌ تۆمەتبار دەکەن، بەبەدەستەوەدانی‌ شارەکە بە هێزە عیراقیەکان.

هاوکات حەیدەر عەبادی‌، فەرماندەی‌ هێزە چەکدارەکانی‌ عیراق، داوای‌ لە هێزە ئەمنییەکان کرد کە سەروماڵی‌ هاوڵاتیان بپارێزن.

پارێزگاری‌ کەرکوک بەوەکالەت، لە کۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، رۆژی سێشه‌ممه‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، لە سەرجەم دامودەزگاکانی‌ حکومەت دەوامی‌ فەرمییە.

هــ. ر


PM:02:54:17/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 4408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو