فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلە راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر دۆخی شنگال بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ 
فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلە لە راگەیه‌ندراوێکدا دەڵێت، پاراستنی قەزای شنگال و ناوچەکە، لە ئەستۆی پێشمەرگەکانی ئێزدییە کە ژمارەیان هەشت هەزار پێشمەرگەی ئێزدییە و فەرماندەیی شنگال پێکدەهێنن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجەدا كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، بڵاویکردەوە  رایگەیاند: پاراستنی قەزای شنگال و ناوچەکە، لە ئەستۆی پێشمەرگەکانی ئێزدییە کە ژمارەیان هەشت هەزار پێشمەرگەی ئێزدییە و فەرماندەیی شنگال پێکدەهێنن.

دەشڵێت: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەو پێشمەرگە ئێزدییانە و گروپێکی ئێزدی ناو حەشدی شەعبی، لەناو خۆیاندا رێککەوتوون کە شەڕ روو نەدات و خوێن نەڕژێت و ئێزدییەکانی ناو حەشدی شەعبی چوونەتە ناو شاری شنگال".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ناو سه‌نته‌ری شنگاله‌وه‌.

فەرماندەیەکی‌ پێشمەرگە لە شەنگال کە نەیویست ناوی‌ ئاشکرا بکرێت رایگەیاند، هێزە عیراقییەکان لە هەردوو قۆڵی‌ تل قەسف و تل بەناتەوە هێرشیان کردە سەر شنگال.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە بۆ ئێن ئاڕ تی وتیشی‌: "لە ئێستادا شەڕ لە باشور و رۆژهەڵاتی‌ شنگال بەردەوامە".

ئەو فەرماندەیەی‌ پێشمەرگە ئەوەشی‌ وت: "لە ئێستادا هێزە عیراقییەکان لە ناوەندی‌ شنگالدان".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌پێی وته‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی، ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ لێیه‌وه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان هاتوونه‌ته‌ ناو شنگاله‌وه‌ به‌ ده‌ست هێزه‌كه‌ی حه‌یده‌ر شه‌شۆوه‌ بووه‌.

سه‌ركرده‌كه‌ی پارتی بۆ وێستگه‌ نیوز ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ سه‌نته‌ری قه‌زای شنگالدان.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەرەبەیانی‌ دوێنێ هێزە عیراقیەکان هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی‌ پێشمەرگە لە تلوەرد و تازە خۆرماتوو، لەوێشەوە بەرەو کەرکوک هاتن، لە ئێوارەی‌ دوێنێدا توانیان شاری‌ کەرکوک کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.

لەلایەن خۆشیانەوە هەریەکە لە یەکێتی‌ و پارتی‌ یەکتری‌ تۆمەتبار دەکەن، بەبەدەستەوەدانی‌ شارەکە بە هێزە عیراقیەکان.

هاوکات حەیدەر عەبادی‌، فەرماندەی‌ هێزە چەکدارەکانی‌ عیراق، داوای‌ لە هێزە ئەمنییەکان کرد کە سەروماڵی‌ هاوڵاتیان بپارێزن.

پارێزگاری‌ کەرکوک بەوەکالەت، لە کۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، رۆژی سێشه‌ممه‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، لە سەرجەم دامودەزگاکانی‌ حکومەت دەوامی‌ فەرمییە.

هــ. ر


AM:09:59:17/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 3772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو