ژماره‌ی شه‌هید و برینداره‌كانی ئه‌مڕۆی پێشمه‌رگه‌ راگه‌یاندرا


وێستگه‌ نیوز ـ
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، تا کاتژمێر حه‌وتی بەیانی هێزەکانی پێشمەرگە 10 شەهید و 27 برینداریان هەبووە.

شێرزاد حەسەن، جێگری بەڕێوبەری تەندروستی چەمچەماڵ، رایگه‌یاند: "لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکانی شەوی رابروودا لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا، 10 پێشمەرگە شەهیدبوون و 27 پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون".

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی چه‌مچه‌ماڵ بۆ ئێن ئاڕ تی وتیشی: "تیمەکانی تەندروستی سلێمانی و چەمچەماڵ چوونەتە شاری کەرکوک بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و بەشێک لە بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 16ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عیراق هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر سه‌نگه‌كاره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری كه‌ركوك و پێكدادان به‌رده‌وامه‌.

هاوكات سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبی، رایانگه‌یاند، چه‌ند ناوچه‌یه‌كیان كۆنتڕۆڵ كردووه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك كوژراو له‌ ریزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه‌ و له‌ ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش شه‌هید و بریندار هه‌یه‌. 

هاوكات بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەی سەربە یەکەی 70 لە سنووری کەرکوک کشاونەتەوە و بەشێکی دیکە لەو هێزە هێشتا لە شوێنەکانی خۆیان ماونەتەتەوە و ئامادەی بەرگریکردنن.


هــ. ر


PM:12:27:16/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 80688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو