ئه‌نجومه‌نی وزاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق هۆشداری ده‌دات

‌ئه‌نجومه‌نی وزاری ئاسایشی نیشتمانی سه‌ربه‌ حكومه‌تی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌نجومه‌نی وزاری ئاسایشی نیشتمانی سه‌ربه‌ حكومه‌تی عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ كۆكردنه‌وه‌ی "هێزی ده‌ره‌وه‌ی پێكهاته‌ی ئه‌منیی رێكخراو" له‌ پارێزگای كه‌ركوك به‌ واتای "راگه‌یاندنی شه‌ڕ" به‌رامبه‌ر هێزه‌ فیدڕاڵییه‌كان دێت.

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی سه‌ربه‌ حكومه‌تی به‌غدای كردوه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ كردوه‌ كه‌ "هێزه‌كانی سه‌ربه‌ كوردستان به‌ زه‌بری هێز ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌".

ئه‌نجومه‌نی وزاری ئاسایشی نیشتمانی سه‌ربه‌ حكومه‌تی عیراق رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "مه‌به‌ست له‌ هه‌وڵی ئه‌و لایه‌نانه‌ی ریفراندۆمه‌ ناده‌ستوریه‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه‌ بۆ ئاماده‌كاریی سه‌ربازی، چه‌واشه‌كردنی هاوڵاتیانی كورده‌ و بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئاكامه‌ مه‌ترسیداره‌كانی ریفراندۆمیان له‌بیربه‌رنه‌وه‌، له‌ راستیشدا ئه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی كورد نییه‌ به‌ڵكو له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نێكه‌ كه‌ جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و سامانه‌كه‌یدا گرتوه‌ و هه‌وڵێكه‌ بۆ له‌باربردنی هه‌ر هه‌ڵوێستێكی كورد كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه‌ هه‌یه‌تی".

ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هۆشداریشی داوه‌ له‌ هه‌ڵكشانی مه‌ترسیدار و گوایه‌ ئه‌و گێچه‌ڵانه‌ی هێزه‌كانی سه‌ربه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێم بۆ شه‌ڕی ناوخۆی ده‌یكه‌ن كه‌ به‌پێی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ مه‌به‌ست لێی  په‌رته‌وازه‌كردنی عیراق و ناوچه‌كه‌ و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكه‌ له‌سه‌ر حسابی ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌.

ده‌شڵێت: "سوربون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی هاوبه‌شه‌كانی نیشتمان و به‌ده‌ر له‌ شه‌راكه‌تی نیشتمانی و وه‌ستان به‌روی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نیازێك هه‌یه‌ كه‌ په‌نا بۆ هێز ده‌بات و ده‌یه‌وێت ئه‌مری واقع بسه‌پێنێت".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی وزاری ئاسایشی نیشتمانی سه‌ربه‌ حكومه‌تی عیراق ده‌ڵێت: "په‌لكێشانی چه‌كدارانی هه‌رێم بۆ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنور كه‌ ده‌ستور دیاریی كردوه‌ به‌ زه‌به‌ری هێز و هه‌ڕه‌شه‌ و چه‌وساندنه‌وه‌ و كۆچپێكردنی رۆَڵه‌كانی ناوچه‌كه‌ كه‌ زۆرینه‌یان كورد نین و رێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌كه‌ن وڵات به‌ره‌و ململانێیه‌كی وێرانكه‌ر ده‌بات".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هۆشداریی له‌ كۆكردنه‌وه‌ی "چه‌كداری ده‌ره‌وه‌ی پێكهاته‌ی ئه‌منیی نیزامی سه‌ربه‌ حزبه‌ جڵه‌وبه‌ده‌سته‌كان" له‌ كه‌ركوك داوه‌ كه‌ به‌وته‌ی ئه‌وان سه‌ربه‌ كه‌ركوك نین و گوایه‌ هه‌ندێكیان سه‌ربه‌ په‌كه‌كه‌ن، ئه‌و كاره‌شی به‌ "پێشهاتێكی مه‌ترسیدار له‌قه‌ڵه‌مداوه‌ كه‌ ناكرێت لێی بێده‌نگ بن و واته‌ی راگه‌یاندنی شه‌ڕه‌ به‌سه‌ر عیراقییه‌كان و هێزه‌ یاساییه‌كانی حكومه‌تی فیدڕاڵ".

له‌  كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شدا ئه‌نجومه‌نی وزاری ئاسایشی نیشتمانی سه‌ربه‌ حكومه‌تی عیراق جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت كار ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ی هێزه‌كانی هه‌رێم به‌ زه‌بری هێز ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌ و سوربونی خۆی دوپاتكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ناوخۆ و هێزی فیدڕاڵ له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی به‌ڕێوه‌ببرێن.

ر.ع


PM:09:30:15/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 15298 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو