وته‌بێژی یه‌په‌گه‌: کۆتایی داعش لە رققە زۆر نزیکە

‌یەپەگە

وێستگه‌ نیوزـ

وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یه‌په‌گه‌) رایگه‌یاند كه‌ کۆتایی داعش لە شاری رققە-ی پایتەختی داعش زۆر نزیکە و رەنگە رۆژی یەکشەممە شارەکە بەتەواوی لە داعش پاکبکەنەوە و سەرکەوتنە گەورەکە رابگەیێنن.

نوری مەحمود، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یه‌په‌گه‌) کە پێگهاته‌ی هێزەکانی سوریای دیموکراتە، ئه‌مڕۆ شەممە 14ی تشرینی یه‌كه‌می 2017  رایگەیاند، کۆتایی داعش لە رققە نزیکە و رەنگە ئەمڕۆ یان سبەینێ بەتەواوەتی شارەکە لە چەکدارانی داعش پاکبکرێتەوە. 

لە شەڕەکانی ئەمڕۆی شاری رققه‌دا 23 چەکداری داعش کوژراون، ئێستاش تەنیا دەورەوبەری نەخۆشخانەی نیشتمانی و یاریگای رەش بەدەست داعشەوە ماون، ئەو چەکدارانەش كه‌ خەڵکی‌ رققە بوون خۆیان رادەستی‌ شەڕڤانانی هەسەدە کردووە و تەنیا چەکدارە بیانییەکانی‌ داعش ماون، ژمارەی ئەوانیش نزیکەی‌ 200 بۆ 300 چەکدار دەبێت. 

وتەبێژی یەپەگە له‌وباره‌یه‌وه‌ وتویه‌تی: "ئەو چەکدارانەی‌ داعش کە لە شارەکەدا ماون هیچ رێگایەکیان بۆ هەڵاتن نەماوە، یان دەبێت بکوژرێن یان خۆیان بەدەستەوە بدەن".

هەر ئەمڕۆ رایان دیڵن، وتەبێژی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایگەیاند، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا نزیکەی 100 چەکداری داعش خۆیان رادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە، بەڵام هێشتا شەڕ کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە.

ر.ع


PM:06:54:14/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 3618 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو