ئاگادارییه‌كی "گرنگ" له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ بۆ خوێندكارانی 12ی ئاماده‌یی


وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ ئاگاداری‌ سەرجەم دەرچوانی‌ پۆلی‌ دوانزەی‌ ئامادەیی‌ دەکات، کە جگە لە پەیج و وێبسایتی‌ رەسمی‌ وەزارەت بۆ وەرگرتنی‌ زانیاری‌ پشت بەهیچ سەرچاوەیەکی‌ تر نەبەستن و ئەو پەیج و سایتانەش رووبەڕووی‌ دادگا دەکاتەوە، کە زانیاری‌ نادروست لەبارەی‌ وەرگرتنی‌ خوێندکاران بڵاو دەکەنەوە.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: ماوەیەکە چەند پەیج و سایتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زانیاری‌ و روونکردنەوەی‌ نادروست لەبارەی‌ وەرگرتنی‌ خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەخوێندکاران و قوتابیانی‌ دەرچوانی‌ دوانزەی‌ ئامادەیی‌ دەدەن.

وتیشی: "بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین ئەم پەیجانە بۆ نمونە پەیجی‌ (https://www.facebook.com/poli12amaday) و چەندانی‌ دیکە دورونزیک بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە وەزارەتەکەمانەوە نیەو، ئەو زانیارییانەشی‌ کە بڵاوی‌ دەکەنەوە هیچ بنەمایەکیان نیە و دوورن لە راستییەوە، هەربۆیە وەزارەت لە دادگا داوای‌ یاسایی‌ بەرامبەر ئەو پەیجانە تۆمار دەکات، بەتایبەت پەیجی‌ (پۆلی‌ 12)، لەهەمان کاتدا بەڕەسمی‌ داوا لە فەرمانگەی‌ رێکخراوە ناحکومیەکان دەکات مۆڵەتی‌ کارکردنی لێ وەربگرێتەوە، چونکە کاری‌ دروستی‌ خۆی رانەپەڕاندوە و، بە بڵاوکردنەوەی‌ زانیاری‌ نادروست خوێندکاران چەواشە دەکات.

وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ ئەوەشی‌ راگەیاند: تەنیا لە رێگەی‌ وەزارت و راگەیەندراوە ره‌سمیەکانی‌ وەزارەتەکەمان و لێدوانەکانی‌ وتەبێژی‌ وەزارەت و بڵاوکراوەکانی‌ وەزارەت لە وێبسایتی‌ وەزارەت بەناونیشانی‌ www.mhe-krg.org و، لاپەڕی‌ رەسمی‌ لە تۆڕی‌ کۆمەڵایەتی‌ فەیسبوکی‌ وەزارەت بەناونیشانی‌ (www.facebook.com/mhekrg) کەناڵی‌ رەسمی‌ وەزارەتن و، دەتوانن لە رێگەی‌ ئەو کەناڵانەوە بگەنە زانیاری‌ دروست، بەپێچەوانەوە بەپێچەوانەوە ئێمە لە هیچ زانیاریەکی‌ ئەو وێب سایت و پەیجانە بەرپرسیار نین، بەتایبەت پڕۆسەکانی‌ (زانکۆ لاین) و، وەرگرتنی‌ خوێندکاران لە زانکۆکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان".


PM:02:19:10/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 5618 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو