نێچیرڤان بارزانی: ئاماده‌ین په‌ره‌ به‌ گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ گۆڕان بده‌ین

‌نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان

وێستگه‌ نیوزـ

کە بە دەسپێشخەریی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان و بزتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا و له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكردووه‌ كه‌ راشگاوانه‌ترین كۆبونه‌وه‌ بووه‌.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ روداو ئاشكرایكرد كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ دەسپێشخەریی سه‌لاحه‌دین به‌هادی، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو بووه‌ و ئەویش لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربووه‌و وتی: "راشکاوانەترین کۆبوونەوەمان لەگەڵ گۆڕان ئەنجامدا، ئامادەین پەرە بە گفتوگۆکانمان لەگەڵ گۆڕان بدەین و چاوەڕێی وەڵامی گۆڕانین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی داهاتوو".

وتیشی: "ئەو راشکاوییەی لەم کۆبوونەوەیەدا باسکرا، پێموایە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی ئێمە لە ئایندەشدا بتوانین کۆبوونەوەی لەوشێوەیە بکەین و ئەو خاڵانەی لەنێوان پارتی و گۆڕان هەیە ئیشەڵڵا چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، پێشنیازی ئێمە ئەوەبوو، بەردەوامی بەم کۆبوونەوانە بدەین. وەک پارتی ئەو ئامادەییەمان پیشاندا، بۆئەوەی زیاتر پەرە بەو گفتوگۆیانە بدەین، چاوەڕێی گۆڕانین لە راستیدا، ئەوان کۆبوونەوەی خۆیان دەکەن، رەنگە دوای ئەوەش ئێمە کۆبوونەوەی دیکەشمان هەبێت بۆ ئەوەی هەردوولامان بگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش."

سەبارەت بە کێشەکان لەگەڵ بەغدا ، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند "هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونە و داوای دەستپێكردنی گفتوگۆی بێ مەرج لەگەڵ بەغدا دەکات، پەنابردنی بەغدا بۆ وڵاتانی دیکە بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان، لەبەرژەوەندیی عیراق و ئەو وڵاتانەشدا نییە".

نێچیرڤان بارزانی وه‌ك په‌یامێك به‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیشی وت: "دەبێت عەبادی لەوە تێبگات کە ئەم پرسە عێراقییە، نەک پرسێکی دەرەکی، چارەسەر ئەوە نییە پەناببرێتە بەر وڵاتانی دیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عیراق، زۆر جوانتریش دەبوو و باشتریشە کە ئەو پرسە لەنێو خودی عێیاق لەسەر مێزی گفتوگۆ، بەهەر ئاقار و جۆرێک بێت، لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە."

ئاشكراشیكرد كه‌ هەفتەی داهاتوو فوئاد مەعسوم، سه‌رۆك كۆماری عیراق دەستپێشخەرییەک بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان رادەگەیێنێت.

سەبارەت بە تورکیا و داهاتووی پەیوەندییەکانیان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند:"هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا"، وتیشی: "ئێمە هەڕەشە نین بۆ هیچکام لە دراوسێکانمان، نە بۆ تورکیا و نە بۆ ئێران، دەمانەوێت پەیوەندی دۆستانە و پەیوەندی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر هەر زۆرتر و باشتر بکەین، پرسی گشتپرسیش پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە و دەبێت لە چوارچێوەی عیراقیشدا لەگەڵ بەغدا ئەم پرسە چارەسەر بکەین، هیوادارین ئەوان یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پرسە لەگەڵ بەغدا چارەسەربکەین."

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کوردستان وتی "حزبەکان بۆ بابەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان کۆدەبنەوە و بڕیاری لەبارەوە دەدەن".

ر.ع


PM:03:42:08/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 4652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو