وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێم وه‌ڵامی ئه‌زهه‌ر ده‌داته‌وه
ئەزهەر و ئەوقاف
وێستگه نیوزـ
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی دژایه‌تیكردنی شێخه‌كانی ئه‌زهه‌ر-ی له میسر بۆ ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان دایه‌وه ده‌ڵێت: " دەرکەوت کە ئەزھەر لە خه‌یاڵێکدایە و خەمەکانی موسڵمانان لە باسێکی تر دایە."
له به‌یاننمه‌كه‌دا كه وێنه‌یه‌كی دراوه‌ته وێستگه نیوز، وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێم به حه‌وت خاڵ وه‌ڵامی ئه‌زهه‌ری داوه‌ته‌وه و رایگه‌یاندووه كه وه‌زاره‌ت بەدواداچوونی بەردەوامی ھەیە بۆ ئەو دەزگا ئایینییانه‌ی کە بیاننامە لە سەر ریفرادۆمی گەلی کوردستان دەردەکرێت دواینیان بیاننامه‌ی مەشیەخەی ئەزھەر کە لە ڕێكه‌وتی 2017/10/2 دەریکردووە، سەره‌تا بە فەرموودەی خوای گه‌وره و میھرەبان دەست پێدەکەین کە دەفەرموێت: (وَلَا تَرْكَنُوا إِلَى الَّذِينَ ظَلَمُوا فَتَمَسَّكُمُ النَّارُ وَمَا لَكُم مِّن دُونِ اللَّهِ مِنْ أَوْلِيَاءَ ثُمَّ لَا تُنصَرُونَ ).
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف پێی وایه كه به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌زهه‌ر، "پڕە لە ستەم و ناحەقی و ڕستەی نادروست و ھەڵە دژ بە گەلەکەمان، ئێمە وامان بە ئەزھەر ئومێد دەکەرد کە دەستی برایەتی و دڵسۆزی بۆ کوردستان ھەڵچنی لە ڕوانگەی فەرمودی خوای گەورەوە (إِنَّمَا الْمُۆْمِنُونَ إِخْوَه‌ٌ) و چەندین ساڵە په‌یوه‌ندییه‌كی مێژوویی كوردستان و ئه‌زهه‌ر ده‌به‌ستێته‌وه كه بنەماکانی برایەتی و رێزگرتن لە یەکتر بووە، به‌ڵام دەرکەوت کە ئەزھەر لە خیاڵێکدایە و خەمەکانی موسڵمانان لە باسێکی تر دایە."
ده‌شڵێت: " شاراوه نییه لای زانایانی ئه‌زهه‌ر ئه‌و ڕۆڵه مێژووییه‌ی له چاكسازی ئه‌زهه‌ر له‌لایه‌ن سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یوبی كردی. كه به‌هۆیه‌وه ئه‌زهه‌ر بووه قه‌ڵای مه‌زنی زانسته ئیسلامییه‌كانی میلله‌تی موسڵمان و زانایانی كورد ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه له به‌ره‌وپێشخستنی زانسته شه‌رعییه‌كان له میراتی ئه‌زهه‌ر. شیاو نه‌بوو بۆ زانایانی ئه‌زهه‌ر و ئیمامی ئه‌كبه‌ر به‌رگری له بارودۆخێكی سته‌ملیكراو كه داگیركه‌رانی بیانی كه له (سایكس بیكۆ)وه به زنجیره‌یه‌كی نه‌پچڕاو له ماوه‌ی سه‌د ساڵدا حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێڕاق ده‌یانه‌ویست میلله‌تی كوردی موسڵمان له‌ناو به‌رن، هه‌روه‌ها شیاو نه‌بوو بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌ی كه ڕوو ده‌دات له عێڕاق له‌و شه‌ڕه تائیفییه‌ی كه حه‌شدی شیعی هه‌ڕه‌شه‌ی ناشرین به‌رامبه‌ر به میلله‌تی كورد ده‌كات، هه‌ر چۆن له ڕابردوودا به‌رامبه‌ر به زانایان و خه‌ڵكه‌كانی سوننه‌ی عێڕاقی كرد. پاشان جوگرافیای عێڕاق كه له كتێبه فیقهه ئیسلامییه‌كاندا باسی لێوه كراوه تاكو چیای حه‌مرین و باشووری تكریت زیاتر بڕ ناكات. باشتر وابوو ئه‌زهه‌ر شاندێكی بۆ كوردستان بناردایه بۆ بیستنی ڕاستییه‌كان له ڕووانگه‌ی فه‌رموودی خواوه ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ).
به‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه وه‌ڵامی مه‌شیه‌خه‌ی ئه‌زهه‌ر ده‌ده‌ینه‌وه:
1- ئێوە باسی تێکچوونی قەڵای سوننە دەکەن بەهۆی سەربەخۆبوونی ئێمە، ئەرێ ئەو زانایانه‌ی ئێوه کە سەردانی کوردستانیان کرد پێتانیان رانەگەیاند کە بەچاوی خۆیان بینیان کە چۆن کوردستان بۆتە قەڵا و لانەی سوننە دەرکراوەکانی عێراقی شکست خواردوو و سوریا، ئێمە بە شاھێدی زاناکانی خۆتان سوننەمان لە ناوچەکەدا پاراست و پارێزگاریمان له پرنسیپەکانی برایەتی و مانەوه‌ی سوننە کرد بە ئازایەتی و بەرخودانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و خۆینی ئەوان بۆتە ھەوێنی دوڵەتەکەمان.
2- ئامۆژگاری پێکەوەژیانمان مەکەن، ئێمە پێشەنگین لەم بوارەدا و لە وەزارەتمان زیاتر له به‌ڕێوه‌بەرایەتییه‌كی گشتی ھەیە تایبەت به ئایینه‌كان و سه‌رجه‌م ئایین و ئانزاكان نوێنه‌ریان تێیدا هه‌یه، بەڵام خۆ موسڵمانەکانی بەغدا یەکتری قبوڵ ناکەن کە دوو دیوانی تائیفی بە ناوی وەقفی سوننی و شیعی ھەیە، ئەو حکومەتە مه‌زهه‌بیه‌ی کە دەستخۆشی له به‌یاننامەكه‌تان كرد و ئه‌و ھوکاری ئەم لەیەک ترازانه‌یە له نێوان سوننه و شیعه و چی ده‌رده‌سه‌ری نه‌بێت به‌سه‌ر سوننه‌یان هێناوه.
3- پرسیار ده‌كه‌ین ئه‌م گریانه تیمساحییه‌تان بۆ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێڕاق چییه كه ئێمه‌ی كورد چه‌ندین ساڵه به ده‌ست حكومه‌ته یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كانی عێڕاقدا سته‌م و كوشتن و بڕین و ده‌ربه‌ده‌ری ده‌ناڵێنین، كوا هه‌ڵوێستتان به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو سته‌مه به‌رامبه‌ر به میلله‌تی كوردی موسڵمان كرا؟.
4- پێتان ڕاده‌گه‌یه‌نین كه ئێمه له چوارچێوه‌ی یاسا و ده‌ستوور و شه‌ریعه‌ت داوای مافه‌كانی خۆمان كردووه، به خوێنی شه‌هیدانمان ئازادی و ده‌وڵه‌تی خۆمان داده‌مه‌زرێنین، كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال كه ده‌یان هه‌زار هاوڵاتی بێ‌تاوان، ئه‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵانه‌ی كه زانایانی ئه‌زهه‌ر له سه‌ردانه‌كه‌یان به چاوی خۆیان بینیان كه حكومه‌تی به‌عس ئه‌نجامی دابوو، هه‌روه‌ها بۆردومانكردنی خه‌ڵكی كوردستان به چه‌كی كیمیاوی له‌لایه‌ن ڕژێمی سه‌دامه‌وه، ئێستاش بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن حكومه‌تی مه‌زهه‌بی به‌غداوه، ئه‌مانه هه‌مووی وایكرد كه میلله‌تی كورد ئه‌م بڕیاره بدات.
5- زۆر به په‌رۆشن له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی برایانی سوننه له عێڕاق، به‌ڵام خۆ ئه‌و كرداره دڕندانه‌ی كه میلیشا شیعه‌كان دژ به به پێكهاته‌ی سوننه له سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌یان، كوشتنی زانایانانی ئایینی، داگیركردن و ته‌قاندنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كانیان، ده‌ركردنی سوننه‌كان له زێدی باب و باپیرانی خۆیان و سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واریان، پرسیار ده‌كه‌ین كوا به‌یاننامه‌كانتان له‌سه‌ر ئه‌م كرداره قێزه‌وه‌نانه كه زۆر ئه‌سته‌مه سوننه‌یه‌ك بتوانێ له‌شوێنی خۆی به ئارامی په‌رستنی خوا بكات؟ئایا كریستیانێك ده‌توانێت به بێ ترس له كلێساكه‌ی خۆیدا عیباده‌ته‌كه‌ی خۆی بكات؟ به‌ڵام له كوردستان جیاوازه هه‌موو په‌رستنێك به ئاسووده‌یی و كارمه‌رانی ئه‌نجام ده‌درێت.
6-باشه له‌پای چی لۆمەی ئێمە دەکەن کە چەند ھاونیشتمانیەک ئاڵای ئیسرائیلیان به‌رزكردۆته‌وه کە بۆچوونی سەرکردایەتی کوردستانی لە سەر نییە، کەچی خۆتان ئاڵای ئەسرائیل به‌سه‌ر سەری عمامەکانتانەوه دەدره‌وشێتەوە و باڵیۆزخانه‌یان بە ئاشکرا له وڵاته‌كه‌تان ھەیە و حرامە کەس بە تەنیشتیشی ڕەت بێت، ئێمه چه‌ندین ساڵه ئاڵای فه‌له‌ستینییه‌كان له وڵاته‌كه‌مان هه‌ڵده‌كه‌ین و له‌سه‌ر مینبه‌ری مزگه‌وته‌كانمان به‌رگری له مافه‌كانیان ده‌كه‌ین، ئایا ئه‌مه پاداشتی كرده‌وه‌كانمانه؟ ده‌پرسین بۆ حه‌ڵاڵ بێت بۆ ئێوه‌ی عه‌ره‌ب زیاتر له بیست ده‌وڵه‌تتان هه‌بێت، حه‌رام بێت له ئێمه‌ی كورد كه ژماره‌ی دانیشتوانمان له چل ملیۆن زیاتره ده‌وڵه‌تمان هه‌بێت؟ چی له هه‌گبه‌ی ئێوه كه‌م ده‌كاته‌وه؟.
7- پێتان ڕاده‌گه‌یه‌نین كه ئەم به‌یاننامەیەتان زۆر ھەستی ھاونیشتمانیانی کوردستانی بەرامبەرتان بە نامۆ کرد و مزگێنی ئەوتان ئەدەینێ کە گەلی کوردستان دوڵەتی خۆی بە خوێنی شەھیدان داده‌مه‌زرێنێت، ده‌وڵه‌تێك بونیاد ده‌نێین كه بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی و یه‌كتر قبوڵكردن تێیدا ڕه‌چاو ده‌كرێت.
لەکۆتاتیی بەیاننامەکەشدا وەزارەتی ئەوار بە شێخەکانی ئەزهەر دەڵێت: "خوا هیداتتان بدات بۆ ڕێگه‌ی راست".
زانكۆی ئه‌زهه‌ر له قاهیره-ی پایته‌ختی میسره‌وه به‌یاننامه‌یه‌كی له دژی خواستی سه‌ربه‌خۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد و تێیدا داوای سه‌ربه‌خۆیی كورد ره‌تده‌كاته‌وه نیگه‌رانیی له هه‌ڵكردنی ئاڵای ئیسرائیل له ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ربڕیوه وپێشی وایه كه ده‌ستی نهێنی له پشت ریفراندۆمه‌وه‌یه.
ئه‌زهه‌ر به ناوه‌ندێكی دیاری سوننه له جیهانی ئیسلامی هه‌ژمار ده‌كرێت و لە بەیاننامەکەیدا کە رۆژی دوشەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2017 بڵاویکردوەتەوە، وتی: ئه‌زهه‌ر چاودێریی ئه‌و روداوانه‌ی كردووه كه ناوچه‌كانی باكوری كۆماری عیراق له بانگه‌شه‌ی جیابونه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه له عیراق به‌خۆیه‌وه بینیووه.
ئه‌زهه‌ر جه‌ختی له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و داواكارییانه كردووه‌ته‌وه و په‌رۆشیی خۆشی بۆ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ده‌ربڕیووه، ته‌ئكیدیشی كردوه‌ته‌وه كه ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن وڵاتانی جیهان و وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌ت ره‌تكراوه‌ته‌وه.
ئه‌زهه‌ر وایده‌بینێت، كه "بانگه‌شه‌ی زیاتر دابه‌شبوون و پارچه‌كردنی ئومه‌تی عه‌ره‌بی و ئیسلامی جێبه‌جێكردنی پیلانگێڕییه‌كانی ئیستعماره بۆ دابه‌شكردنی وڵاتان له‌سه‌ر بنه‌مای تایەفی و ره‌گه‌زی و ئه‌زهه‌ر په‌ژاره و نیگه‌رانی خۆیشی ده‌رده‌بڕێت بۆ ئه‌و وێنانه‌ی كه له ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه و تێیدا ئاڵای قه‌واره‌ی زایۆنی به‌رزكراوه‌ته‌وه و به‌شداری پێكراوه له ئاهه‌نگه‌كانی جیابوونه‌وه، ئه‌وه‌ش ئه‌و راستییه چه‌سپاوه دووپاتده‌كاته‌وه كه ده‌ستی نهێنی له پشت ئه‌و پرۆژه‌ی جیابوونه‌وه‌یه.
رۆژی 25ی ئه‌یلولی 2017، له هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای كه‌ركوك و ناوچه جێ ناكۆكه‌كان ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌نجامدرا، دوای به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆمه‌كه به‌غدا چه‌ند بڕیارێكی دژی هه‌رێمی كوردستان گرته‌به‌ر له سه‌روو هه‌موانه‌وه بڕیاری راگرتنی گه‌شته‌كان له فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمه‌وه بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه، كه‌له رۆژی هه‌ینییه‌وه خراوه‌ته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه.
ر.ع
PM:02:18:04/10/2017
ئه‌م بابه‌ته 2700
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت