ئەو 280 پەنابەرەی كورده‌ی کە دیپۆرتی سوریا کرابوون گەیشتنەوە هەرێم

‌پەنابەرەکانی هەرێم لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
ئەو 280 پەنابەرەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دیپۆرتی سوریا کرابوون، گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ لە سلێمانی پێشوازییان لێ دەکرێت.

ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان بە وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: ئەو پەنابەرانه‌ ژمارەیان 280 پەنابەر دەبێت و پێشتر لەلایەن هیزە ئەمنیەکانی تورکیاوە دیپۆرتی سوریا کرابوون.

ئاماژەی بەوەش کرد: لە ئێستادا 280 پەنابەریان گەیشتوونەتەوە خاکی هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی فیدراسیۆنی پەنابەران و کەسوکاری پەنابەرەکان و بەرپرسانی دژەتیرۆر، لە بازگەی کەڵەوانانی دەروازەی سلێمانی پێشوازییان لێ دەکرێت.

پێشتریش ئاری جه‌لال، ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو: بەرەبەیانی رۆژی 28ی ئەیلول، حکومەتی تورکیا 150 پەنابەری دیکەی هەرێمی دیپۆرتی وڵاتی سوریا کردووە، نۆ کەسیشیان لەلایەن چەکدارانی بەرەی فەتحی شام (بەرەی نوسرە)ەوە دەستبەسەرکراون و چارەنووسیان نادیارە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ئەو پەنابەرانی دیکەی هەرێمیش کە ژمارەیان زیاتر لە 130 کەس دەبوو و رۆژی 13ی ئه‌یلول لە تورکیاوە دیپۆرتی وڵاتی سوریا کرانەوە، لەلایەن ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانەوە پارێزراون لە ناوچەیەکی ئارامدا لە شارۆچکەی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان.

ئەو پەنابەرانە لە شاری عەفرین بوون لە رۆژئاوای کوردستان و لە رەقەوە براونەتە کۆبانێ و دواتر بۆ هەرێمی کوردستان.

هاوكات لەسەره‌تای تا دیپۆرتکردنەوەیان تا هاتنه‌وه‌یان، نووسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و دژە تیرۆر لە هەوڵی هێنانەوەیان بوون بۆ هەرێم.



AM:08:55:01/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 4638 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو