عه‌بادی په‌یامێكی ئاراسته‌ی هاوڵاتیانی كورد كرد

‌حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مشه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق وتارێكی به‌بۆنه‌ی رۆژی عاشورا ئاراسته‌ی گه‌لانی عیراق كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق كرده‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌شی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و جیابونه‌وه‌ ده‌درێن.

له‌ وتاره‌كه‌یدا كه‌ به‌بۆنه‌ی رۆژی عاشوراوه‌ پێشكه‌شیكرد، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ئه‌و یاده‌ی به‌ قوربانیدانی عیراقییه‌كان به‌رگریكردن له‌ خاكی عیراق و سه‌ركه‌وتنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌سته‌وه‌ و به‌ به‌رگریكردنێكی "ئه‌فسانه‌یی" وه‌سفی كرد.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق راشیگه‌یاند: "سه‌ربازه‌ پاڵه‌وانه‌كانمان سه‌ركه‌وتنیان له‌ژێر ئاڵای یه‌ك عیراق به‌ عه‌ره‌ب و كورد و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانه‌وه‌ به‌ده‌ستێهێنا و به‌و یه‌كگرتووییه‌ سه‌ركه‌وتین كه‌ سه‌رچاوه‌ی هێزی سه‌رجه‌م عیراقییه‌كانه‌ كه‌ له‌ ئایین و نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌بدا جیاوازن."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا حه‌یده‌ر عه‌بادی وتی: "جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبون به‌ یه‌كپارچه‌یی وڵاته‌كه‌مان و یه‌كڕیزیی گه‌له‌كه‌مان به‌ موسڵمان و مه‌سیحی و عه‌ره‌ب و كورد و توركمان و ئێزدی و شه‌به‌ك و سه‌رجه‌م پێكهاته‌ خۆشه‌ویسته‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌موو هه‌وڵێكی په‌رته‌وازه‌كردن و جیابونه‌وه‌ و لێكترازانی عیراق و گه‌له‌كه‌شی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌."

عه‌بادی په‌یامێكی ئاراسته‌ی هاوڵاتیانی كوردستان كرد و وتی: "جه‌خت له‌سه‌ر شانازی به‌ برایانی كوردمان و په‌رۆشیمان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایش و سه‌قامگیرییان ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌وڵی پارێزگاریكردن له‌ یه‌كرتوویی و برایه‌تی ده‌ده‌ین تا پێكه‌وه‌ قۆناغی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆر بۆ قۆناغی بنیادنانی وڵاته‌گه‌وره‌كه‌مان تێده‌په‌ڕێنین و ئاسایش و سه‌روه‌ریی وڵات ده‌پارێزین."


PM:10:38:30/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 10461 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو