هەپەگە: گەریلاکانيان تۆڵەی شەهیدبوونی هاوڵاتیانی باشوریان کردەوە

‌بەرخودانی باكور لەدژی سوپای توركیا بەردەوامە

وێستگە نیوز-

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا زانیاریی لەبارەی زنجیرە چالاکییەکی گەریلاکانەوە ڕاگەیاند، کە بەمەبەستی تۆڵەکردنەوەی شەهیدبوونی ئەو هاوڵاتیانە ئەنجامدراون کە لەم دواییانەدا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاشکرایکرد، کە ئەو چالاکییانە بۆ یادکردنەوەی ئەو 10 هاوڵاتیە ئەنجامدراون کە سوپای تورک لە باشوری کوردستان شەهیدیکردن.

هەپەگە ڕایگەیاند: بە مەبەستی یادکردنەوەی ئەو 10 هاوڵاتییەی لە ئەنجامی بۆردومانەکانی سوپای تورک لە باشوری کوردستان شەهیدبوون، گەریلاکان لە گەڤەری جولەمێرگ چالاکییان ئەنجامدا، دوێنێ کاتژمێر 7:50خولەکی ئێوارە لەدەوروبەری گەڤەر لەسەر ڕێگای زرێپۆشێکی سوپا چالاکییەک ئەنجامدراو لەئەنجامیدا 10 سەربازی تورک کوژران، ژمارەی بریندارەکانی سوپای تورک نەزانرا.

هەپەگە هەروەها ڕایگەیاند: دوێنێ کاتژمێر 4:30خولەکی پاشنیوەڕۆ لە جیلۆی سەربە گەڤەر لە نێوان هێزە داگیرکەرەکان و گەریلاکانمان شەڕ و پێکدادان ڕوویدا، ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی دوژمن لەو شەڕەدا نەزانرا.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هەپەگە ڕایگەیاند: گەریلاکانمان لە هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید سەردەم و شەهید نودەم لە نسێبینی سەربە مێردین چالاکیان ئەنجامدا دژی سوپای تورک، لەو چالاکییەدا کە ڕۆژی 18ی مانگ ئەنجامدرا سەربازێکی دوژمن کوژرا.

هەپەگە سەبارەت بە چالاکیی گەریلاکان لە چەولیگ ڕایگەیاند: ڕۆژی 14ی مانگ لە شارۆچکەی کانیڕەشی سەربە چەولگ سوپای تورک ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد، ڕۆژی 16ی مانگ گەریلاکانمان دژی ئەو ئۆپەراسیۆنە چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا چوار سەربازی تورک کوژران.

هەروەها هەپەگە بانگەشەکانی ڕاگەیاندنە تورکەکانی بەدرۆخستەوە کە بڵاویان کردبووەوە حەوت گەریلا لە ئەنجامی بۆردومانەکانی سوپای تورکدا شەهید بوون و ڕایگەیاند، کە لەو ئۆپەراسیۆنانەدا هیچ گەریلایەک شەهید نەبووە.

ڕۆژی 20ی ئەم مانگە سوپای تورکیا بەشێکی ناوچەکانی بادینانی بۆردوومان کرد، بە هۆیەوە حەوت هاوڵاتی شەهید بوون.


PM:08:27:22/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 18708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو