ئاڵا تاڵه‌بانی‌ كه‌ركوكییه‌كان دڵنیاده‌كاته‌وه‌


وێستگه‌ نیوز –
ئاڵا تاڵه‌بانی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ترسی ئاڵۆزبوونی بارودۆخی كه‌ركوك له‌ ئارادایه‌ و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ وه‌ك سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتیمانیی وه‌ك بیلبیله‌ی چاویان كه‌ركوك ده‌پارێزن.

ئاڵا تاڵه‌بانی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان په‌یامێكی‌ ئاراسته‌ی دانیشتوانی‌ شاری‌ كه‌ركوك كرد.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتوووه‌، ئاڵا تاڵه‌بانی‌ نووسیویه‌تی‌: "خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی كه‌ركوك به‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانه‌وه‌، دڵنیابن وه‌ك سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتیمانیی چۆن له‌ رابردوودا وه‌ك بیلبیله‌ی چاومان كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كانمان پاراستووه‌، له‌ ئێستا و داهاتووشدا به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پاراستن و خزمه‌تكردنتان".

ئاڵا تاڵه‌بانی‌ ده‌ڵێت: "پڕۆسه‌ی رزگاركردنی قه‌زای حه‌ویجه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و ترسی ئاڵۆزبوونی بارودۆخی كه‌ركوك له‌ ئارادایه‌".
ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "به‌هۆی ئاڵۆزی ره‌وشی سیاسی شاره‌كه‌مان وه‌ك سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ كركوك ئاماده‌كاریمان بۆ هه‌موو پێشهاته‌كان كردووه‌".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "له‌سایه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان و به‌ پشتیوانی دڵسۆزانی رێبازی مام، كه‌ركوك ده‌پارێزین".

دوێنێ‌ حەیدەر عەبادی‌، سەرۆک وەزیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق لە لاپەڕەی‌ خۆی‌ لە فەیسبوک رایگەیاند "هەروەک بەڵێنمان دابوو، لەگەڵ بەرەبەیانێکی نوێی عیراقدا قۆناغی یەکەمی ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە دەستی پێکردووە".

عەبادی‌ ستایشی هێزە عیراقییەکانی کردووە  کە لەبەرەیەکی شەڕ زیاترەوە شەڕی داعش دەکەن وەک ئاماژەیەک بۆ ئۆپراسۆنەکانی خۆرئاوای عیراق.

عەبادی ئاشكرای كرد: "ئەمە قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجەیە، ئێستا ھێزەكانی عێراق، لە چەندین بەرەوە لەگەڵ چەكدارانی داعش لەشەڕدان و لە سەركەوتنی یەكجاری و كۆتایی ھێنان بە داعش نزیكبوونەتەوە".


AM:08:58:22/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 18604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو