كۆمسیۆن: 12 هه‌زار وێستگه‌ی ده‌نگدان بۆ ریفراندۆم ئاماده‌كراوه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی  رایگەیاندووە، زیاتر لە 12 هەزار وێستگەی دەنگدەران هەیە کە بەسەر دوو هەزار بنکەدا دابەشکراون و ئاشکرایشی دەکات کە دەنگدانەکە تەنها یەک رۆژە و دەنگدانی تایبەت ناکرێت.

شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم بە ئەنادۆڵی راگەیاندووە، "لەناو هەر بنکەیەکی دەنگدان چەندین وێستگە هەیە، تا ئەو ئامارەی ئەمڕۆ لەبەردەستدایە، دوو هەزار و 62 بنکەی دەنگدان هەیە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەناو ئەو ژمارەیەش 12 هەزار و 72 وێستگەی دەنگدان هەیە، لە هەر وێستگەیەکدا سندوقێک دادەنرێت، کە ئەو سندوقە پڕ بووەوە ئەوا سندوقێکی دیکە دادەندرێت".

شۆڕش حەسەن، ئاشکرایشی دەکات کە شوێنێک بۆ راگەیاندکاران و پلە تایبەتەکان تەرخان دەکرێت بۆ ئەوەی لەوێ دەنگ بدەن  و ڕایگەیاندووە: "بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان راگەیاندکاران و پلە تایبەتەکان کە لە پلەی بەڕێوەبەری گشتی بەسەرەوە دەتوانن لەو بنکەیە دەنگ بدەن لە هەموو شارێکیش چەند وێستگەیەک دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی راگەیاندنەکان رووماڵی پەخشی راستەوخۆی لێ بکەن".

سەبارەت بە دەنگدانی ئەو پێشمەرگانەی کە لە هێڵی پێشەوەی بەرەکانی جەنگن، شۆڕش حەسەن  وتوویەتی: "ئەو پێشمەرگانە هەر لەبەرەکانی جەنگ دەنگ دەدەن، چونکە دەنگدانەکە یەک رۆژە و دەنگدانی تایبەت نەما و دەگەڕێنەوە لە هێڵی دواوە دەنگ دەدەن و لەوێ بنکەیان بۆ دادەندرێت".

شۆڕش حەسەن ئەوەشی وتووە: "تا ئێستا نزیکەی 100 دەزگای راگەیاندنی بیانی خۆیان تۆمارکردووە، زیاتر لە 10 تیمی چاودێریی نێودەوڵەتیش خۆیان تۆمارکردووە، داواکاری دیکەش زۆرە، زیاتر لە 60 دەزگای راگەیاندنی ناوخۆییش خۆی تۆمار کردووە، زیاتر لە 70 تیمی چاودێری ناوخۆییش خۆی تۆمار کردووە".

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە میدیاکاران کۆبووەوە و ئامانجی کۆبوونەوەکەش پێدانی چەند رێنمایی و زانیارییەک بوو بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسان لە میانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ریفراندۆم بتوانن کارەکانییان بە ئاسانی بەڕێوەببەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی داتاکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، بە شێوەیەکی گشتی بە پێی دواین ئامار، ژمارەی دەنگدەران پێنج ملیۆن و 200 هەزار کەسە بە بێ رەوەندی کوردستانی لە ئەورووپا. 

ئەو ژمارەیەش بەسەر چەند پارێزگایەک دابەشبوون و لە پارێزگای هەولێر، یەک ملیۆن و 100 هەزار و پارێزگای سلێمانی، یەک ملیۆن و 200 هەزار و پارێزگای کەرکووک، 750 هەزار و پارێزگای دهۆک، 800 هەزار و پارێزگای هەڵەبجە 80 هەزار و دەشتی نەینەوا 750 هەزار دەنگدەری هەیە".

کاروان جەلال، وتووشیەتی: "ئەوانەی فۆڕمی خۆراکیان لەسەر پارێزگایەک بووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە و لەوێش بەدواداچوونی بۆ ناوەکەی خۆی نەکردووە، ئەوا ناتوانێت دەنگ بدات، پێویستە ئەوەش بڵێین کە ژمارەیەک کەمپ سندوقی دەنگدانی لێ دادەندرێت، ئەو کەمپانەی کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی لێ نیشتەجێیە بە شێوەیەکی کاتی".

کاروان جەلال ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەر نەخۆشخانەیەک 100 نەخۆشی تیادابێت، ئەوا دەکرێتە بنکەی دەنگدان و سندوقی لێ دادەنێن، هاوکات باسی ئەوەیشی کرد کە ئەوانەی کەمئەندامن، دەستەکانییان نییە و ناتوانن دەنگ بدەن، ئەوا بەڕێوەبەری بنکەکان دەتوانن بۆچوونییان وەرگرن و لە بەرچاوەی خۆیان، فۆڕمەکەیان بۆ پڕ بکەنەوە".

وا بڕیارە رۆژی‌ 25ی‌ ئەیلولی 2017 ریفراندۆم لە هەرێمی‌ کوردستان ئەنجامبدرێت و بەشێک لە چاودێرانیش دەڵێن ئەگەری هەیە دوابخرێت.


AM:09:43:21/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو