راگه‌یه‌ندراوێك له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی بارزانی و لایه‌نه‌كان له‌ سلێمانی بڵاوكرایەوه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان بارزانی و سه‌رۆك كۆماری عیراق و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ سلێمانی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ بڕیاردراوه‌ له‌ دوو رۆژی داهاتوودا شاندێكی كوردستان بۆ پرسی ریفراندۆم سه‌ردانی به‌غدا بكات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ وێستگه‌ نیوز نێردراوه‌، تیایدا هاتووه‌: رۆژی چوارشەممە 20ی ئه‌یلولی 2017 لە شاری سلێمانی، بەسەرپەرشتی فواد مەعسوم سەرۆک کۆماری عیراق و مەسعود بارزانی،  ئامادەبوونی کۆسرەت رەسوڵ عەلی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە.

هه‌روه‌ك هاتووه‌: لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرەتا د. فواد مەعسوم باسی دەستپێشخەرییەکەی خۆی کرد بۆ چارەسەری کێشەکانی کوردستان و بەغدا و ئەو هەوڵانەیش خرانەب بەرباس کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە ئارادان.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: لە بەرانبەردا بارزانی سوپاسی سەرۆک کۆماری عیراقی کرد بۆ دەستپێشخەرییەکەی و بە وردی باسی ئەو هۆکارانەی کرد کە بوونەتە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بدات. 

بارزانی روونی کردەوە: " ئێمە هەموو شێوەکانی پەیوەندییمان لەگەڵ بەغدا تاقیکردوه‌تەوە، لە لامەرکەزییەوە بگرە تا ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی و هەموویان شکستیان هێنا، چونکە لە بەغدا تەنها دەموچاوەکان گۆڕان و هەمان عەقڵییەت حوکمڕانە کە باوەڕی بە پێکەوەژیان و شەراکەت و بوونی گەلی کوردستان نییە، ئێستاش گەلەکەمان دەیەوێ خۆی لەبارەی چارەنووسی خۆیەوە بڕیار بدات، بەڵام دەمانەوێت پێش ریفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین تا ببینە دوو دراوسێی باش".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: "دواتر کۆبوونەوەکە بڕیاری دا لە دوو رۆژی داهاتوودا شاندێکی کوردستانی سەردانی بەغدا بکەن و بە وردی بابەتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و ئامانجی گەلی کوردستان لە بەردەوامیی دۆستایەتی و هاوکاری وەک دوو دراوسێی باش لەگەڵ عیراق، بۆ بەرپرسانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عیراق روون بکەنەوە".​

بڕیاره‌ رۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌، له‌ باشووری كوردستان و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێوه‌بچێت.


PM:10:39:20/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 10396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو