بارزانی‌ و فوئاد مه‌عسوم رێككه‌وتن وه‌فدێك ره‌وانه‌ی‌ به‌غدا بكه‌ن


وێستگه‌ نیوز –
له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ نێوان سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق و بارزانیدا بڕیار درا له‌ دوو رۆژی‌ داهاتوودا وه‌فدێكی‌ باڵا ره‌وانه‌ی‌ به‌غدا بكه‌ن بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌كانی‌ عیراق.

           
راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20-9-2017  سه‌رۆك كۆمار دكتۆر فوئاد مه‌عسوم له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی كۆبوه‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری‌ عیراق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ی حزبه‌ كوردستانیه‌كان ئاماده‌یبون، بیروڕا و بۆچوونه‌كان ئاڵوگۆڕ كرا له‌باره‌ی دوایین پێشهاته‌ سیاسییه‌كان به‌ تایبه‌تیی مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستاندا".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ "سه‌رۆك كۆمار روناكی خسته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی و هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵیی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان".

هاوكات له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێویستیی یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان و گرتنه‌به‌ری دیالۆگی بنیاتنه‌ر دوپاتكرایه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی ناكۆكییان له‌سه‌ره‌.

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری‌ عیراق ده‌ڵێت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا له‌ ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوودا وه‌فدێكی باڵا ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت".


PM:06:29:20/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 3852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو