عه‌بادی: كورد یاری بە ئاگر ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ریفراندۆمه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی 25ی ئه‌یولی هه‌رێمی كوردستان به‌ "یاریكردن به‌ ئاگر" ناوده‌بات و هۆشداریشی دا له‌ رێزنه‌گرتنی سنور و ده‌ستوری عیراق و پەیامێکی"برایانه‌"شی ئاراسته‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد كرد.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاند: "په‌یامێكی دڵسۆزانه‌ و برایانه‌ ئاراسته‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌كه‌م و پێیان ده‌ڵێم كه‌ بڕیاری ریفراندۆم مه‌ترسیداره‌ و من به‌ یاریكردن به‌ ئاگری وه‌سف ده‌كه‌م"، وتیشی هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ هاوڵاتیانی كورد به‌ده‌ستیانهێناوه‌، ده‌كه‌وێته‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌.

وتیشی: "ئەگەر ریفراندۆم توندوتیژی لێبکەوێتەوە، دەستوەردانی سەربازی دەکەین".

عه‌بادی وتیشی: "كاتێك ناكۆكی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك هه‌ڵبگیرسێنی و دان به‌ ده‌ستور و سنور و یاسای عیراقیدا نه‌نێیت و داواش له‌ وڵاتان دیكه‌ بكه‌یت دانت پێدا بنێت، ئه‌م دوشتی دژبه‌یه‌كن، تۆ ئێستا ده‌رگای ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری عیراق ده‌كه‌یته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش مه‌ترسیداره‌."

عه‌بادی راشیگه‌یاند: "كێشه‌یه‌ك له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ كه‌شێكی برایانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، نه‌ك جیابونه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌رگای گفتوگۆ بۆ هه‌موو شتێك ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ده‌ستوریشیمان هه‌یه‌ ده‌بێت پابه‌ندبین پێوه‌ی".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16ی ئه‌یلولی 2017، مەسعود بارزانی، لە کەرنەڤاڵی ریفراندۆم لە دهۆک رایگەیاند، لە بەغدا پلان هەیە بارودۆخی کوردستان تێک بدەن. وتیشی: "ئەگەر متمانە بمایەو دەستوور جێبەجێکرابا، رەنگە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆممان نەدابووایە". 

لەبارەی پێشکەشکردنی بەدیلیش بارزانی‌ وتی: "ئەو بەدیلەی ئێمە دەمانەوێت تاوەکو ئێستا نەهاتووە، بۆیە رۆژی 25ی ئەیلول بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بڕیاری خۆتان بدەن".

لەو كەرنەڤاڵەدا بارزانی راشیگەیاند: "بڕیاری 7ی حوزەیران بڕیاری خەڵكی كوردستانە نەك بڕیاری شەخسێك"، وتیشی‌: "بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ ریفراندۆم مێژوویی بوو".

بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد: " ئەوكاتەی بەرپرسانی بەغدا، بودجەی هەرێمی كوردستانیان بری‌ یاسای شەراكەتیان كۆتایی پێهێنا، ئێمە شەراكەتمان پێشكەشی بەغدا كرد نەك ئەوان، بۆیە جێگەی داخە بەرپرسانی بەغدا بەزمانی هەڕەشە قسە دەكەن".

بارزانی وتیشی: "زمانی هەڕەشە ئەنجامی نابێت و فیدراڵی لە بەغدا هیچ مانایەكی نەماوە.

بارزانی لە درێژەی ئەو وتارەیدا راشیگەیاند: "پەرلەمانی عێراق لەئێستادا بەدەست كۆمەڵێك كەسی شۆڤێنییەوەیە، جەختیشیكردەوە: "ئەگەر هاوبەشی قبوڵنەكەن ئێمەش خزمەتكاری كەس نابین".

بارزانی وتیشی‌: "ئەگەر دەستوور جێبەجێ بكرایە لەوانەیە ئێمەش بڕیاری ریفراندۆممان نەدایە".

بارزانی سەبارەت بە ئاییندەی كورد ئاماژەی بەوەشكرد: "لەئێستادا دوو رێگامان لەپێشە یان سەربەخۆیی یان ژێر دەستەیی".

بارزانی لەدرێژەی وتارەكەیدا سەبارەت بە هەڵوێستی دۆستەكانی گەلی كورد وتی‌: "چاوەڕوانیمان لە دۆستە نێودەوڵەتییەكانمان ئەوەبوو پشتگیریمان بكەن"، وتیشی‌: "ئەگەر دۆستەكانمان بڵێن ئەم ریفراندۆمە ناشەرعی و نادەستوورییە ئەوا لەكەسیان قبوڵ ناكەین".

دوێنێ هه‌ینی 15ی ئه‌یلولی 2017، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ریفراندۆمه‌كه‌ی 25ی ئه‌یلول دوپاتكرده‌وه‌ و به‌ "مه‌ترسی"ی بۆسه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه‌ وه‌سفكرد، پشتیوانیی ئه‌نقه‌ره‌شه‌ی بۆ رێوشوێنه‌كانی به‌غدا له‌پێناو پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق دوپاتكرده‌وه‌.

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ بینالی یڵدرم، سه‌رۆكی وه‌زیرانی توركیا به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیی به‌ عه‌بادییه‌وه‌ كردووه‌ و تیایدا سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا هاوخه‌میی خۆی بۆ قوربانیانی رواوه‌كه‌ی سه‌ر رێگای خێرای هه‌ردوو پارێزگای موسه‌ننا و زیقار ده‌ربڕیووه‌.

له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا، یڵدرم، هه‌ڵوێستی ئه‌نقه‌ره‌ی سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان دوپاتكردووه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندوه‌ توركیا ئه‌و ریفراندۆمه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ ریفراندۆم مه‌ترسیی بۆسه‌ر سه‌قامگیریی عیراق و یه‌كپارچه‌یی عیراق و ئاسایش و سه‌لامه‌تیی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا بینالی یڵدرم پشتیوانیی ئه‌نقه‌ره‌ی بۆ هه‌ر روێوشێنێكی حكومه‌تی عیراق دوپاتكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌پێناو پاراستی خاكی وڵاته‌كه‌ی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گێچه‌ڵكردن به‌ سه‌قامگیریی عیراق ده‌گیرێته‌به‌ر.

هه‌ر له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق سوربونی خۆی له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری هه‌موو رێوشوێنێكی یاسایی بۆ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق دوپاتكردووه‌ته‌وه‌ و سوپاسی هه‌ڵ,ێستی ئیجابی و رونی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی كردووه‌ بۆ پاراستنی خاكی عیراق.

هه‌ر رۆژی هه‌ینی، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی نه‌خشه‌یه‌كی رون و وردی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان بڕیاری ریفراندۆمی دا، راشگه‌یاندبوو كه‌ ریفراندۆم واتای روخانی ژێرخانی فیدڕاڵیی عیراق و داواشی له‌ بارزانی كردبوو ئه‌و "هه‌ڵه‌یه‌" راستبكاته‌وه‌.

هه‌ر له‌ هه‌مان رۆژدا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگەیاند كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاته‌كه‌ی پێشخراوه‌ و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی تایبه‌ته‌ به‌ تاوتوێكردنی ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌ڵێنیشی داوه‌ كه‌ دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ بڕیاری كۆتایی بدرێت و دوپاتیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ ئه‌نجامی "كه‌میی ئه‌زمونی سیاسییه‌وه‌" دراوه‌.

له‌ لێدوانێكدا كه‌ میدیاكانی توركیا ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان بڵاوكردووه‌ ته‌وه‌، ئه‌ردۆغان ئاشكرایكردووه‌ كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی توركیا كه‌ بڕیاربوو له‌ 27ی ئه‌یلول سازبكرێت، بۆ 22ی ئه‌یلول پێشخراوه‌ تا بتوانرێت له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا تاوتوێی ریفراندۆمه‌كه‌ی باكوری عیراقیش بكرێت.

ئه‌ردۆغان راشیگه‌یاندووه‌: "بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باكوری عیراق له‌ دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌ده‌ین، بڕیاری ریفراندۆمیش له‌ئه‌نجامی كه‌میی ئه‌زمونی سیاسیی دراوه‌ و چه‌مكێكی سیاسیی له‌وجۆره‌ش مایه‌ی قبوڵ كردن نییه‌."

سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كانی بارزانی كه‌ له‌سه‌ر ریفراندۆم ده‌یدات، ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند كه‌ "لێدوانه‌كانی (بارزانی) زۆر هه‌ڵه‌ن، چونكه‌ ئه‌و هه‌ڵوێستی ئێمه‌ له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ده‌زانێت."


PM:06:29:16/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 9917 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو