لە هەرێمه‌وه‌ 450 مێگاوات كارەبا دەدرێـتە موسڵ


وێستگه‌ نیوز ـ
بەرپرسێكی وەزارەتی  كارەبا چۆنیەتی فرۆشتنی كارەبا بە موسڵ ئاشكرا دەكات و رایدەگیەنێت ئەو كارە هیچ كاریگەری لەسەر بەرهەمی كارەبای كوردستان نابێت.

دیار بابان، بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی كارەبای هەرێمی كوردستان بە هه‌فته‌نامه‌ی باسی نزیك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: ئەو كارەبایەی بە موسڵ دەفرۆشرێت كارەبای ئەو یەكانە دەبێت كە بەهۆی نەبوونی پارە بۆ كڕینی ڤازوایل راگیراون.

وتیشی: "پڕۆژەكە هی كەرتی تایبەتە بۆیە وەبەرهێنەر لەگەڵ حكومەتی عیراقی رێكەوتووە و بەغدا گازوایلی بۆ دابین دەكات وئەوانیش كارەبای چەند یەكەیەك دەدەن بە موسڵ".

ئەو وردەكاری زیاتری خستەڕوو وتیشی: "ئێستا چوار یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە پڕۆژەی كارەبای هەولێر بۆ موسڵ دەڕوات كە 450 مێگاوات كارەبا دەكات".

جەختی كردەوە زیاتر لە 20 رۆژە ئەو چوار یەكەیەی كارەبا بۆ موسڵ و ناوچە ئازادكراوەكانی تر كاردەكەن، وتیشی: "ئەو یەكانەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە گازوایل كاردەكەن و حكومەتی  عیراقی گازوایلەكە دەكڕێت و پەیوەندی بە ئێمەوە نیە، بەڵكو گرێبەستەكەیان لەگەڵ وەبەرهێنەر كردووە".

دیار بابان، پێیوایە لە جیاتی ئەوەی ئەو یەكانە بوەستن گازوایلی بۆ دابین دەكرێت و پارەی بۆ دابین دەكرێت، وتیشی: "وێرای ئەو چوار یەكەیە ئەگەر حكومەتی عێراق گازوایلی بۆ دابین بكات بڕیارە یەكەی تری كارەباش لە دهۆك بە موسڵ بدرێت، بەڵام ئەوەیان تا ئێستا نەچۆت بواری جێبەجێكردنەوە".

پێدانی ئەو كارەبا بە موسڵ لە كاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان رۆژانە تەنها 10 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە و بەهۆی زۆری پێدانیەوە، نرخی كارەبای موه‌لیدەش لەسەرهاوڵاتیان زیادی كردووە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا رەتی دەكاتەوە پێدانی  ئەو بڕە كارەبایە بە موسڵ كاریگەری لەسەر كارەبای هەرێمی كوردستان هەبێت، دەشڵێت: "هیچ كاریگەریەكی لەسەر بەرهەمی كارەبای هەرێمی كوردستان نابێت، چونكە ئەو یەكانە لە بێ پارەیی راوەستابوون.

دیار بابان چەند سودێكی ئیشپێكردنی ئەو یەكانەی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ حكومەت بە باش دەبینێت و ده‌ڵێت: "بەپێی گرێبەستی ئێمەو وەبەرهێنەر لە كاتی وەستانی ئەو یەكانە دەبێت غەرامە بدەین، ئێستا لەو غەرامەیە رزگاربووین، ئەو یەكانەشی بەگەڕخراون دەبێتە هۆی پارە دەستكەوتن بۆ وەبەرهێنەر، لەگەڵ ئەوانەشدا خەڵكی موسڵ و ناوچە ئازادكراوەكان كارەبایان پێ دەدرێت بۆیە لەهەموو لایەكەوە ئەو كارە باشە".

بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی كارەبا راشیدەگەیەنێت، لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی كوردستان دوو هه‌زار و 800 مێگاواتە، هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی سوتەمەنی گەڕاندەوە.


AM:10:01:12/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 4159 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو