قوباد تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی فراكسیۆنی سه‌وز له‌ په‌رله‌مانی عیراق کۆدەبێتەوە

‌قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان

وێستگه‌ نیوزـ

له‌ شاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و ئه‌ندامانی فراكسیۆنی سه‌وز له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌ستیپێكرد.

میدیاكانی سەربە یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر ده‌ستیپێكردوه‌و بڕیاریشه‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ به‌غدا تاوتوێی چه‌ند پرسێكی گرنگ بكات.

هه‌ر ئه‌مڕۆ قوباد تاڵه‌بانی له‌ چوارچێوه‌ی وه‌فدی باڵای یه‌كێتی نیتشمانی كوردستان له‌ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە هەولێر لەسەر ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان به‌شداریی كرد.

بەپێی زانیارییەكان، کۆبوونەوەکە لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر ئەنجامدراوە و شاندی یەکێتی پێکهاتبوو لە مەلا بەختیار، سەعدی ئەحمەد پیرە، قوباد تاڵەبانی، خالید شوانی و عەدنانی حەمەی مینا، شاندی پارتیش پێکهاتبوو، لە نیچیرڤان بارزانی، فازڵ میرانی، ڕۆژ نوری شاوەیس، هۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری و دڵشاد شەهاب.

پێشتریش هێمن هەورامی ڕاوێژکاری سیاسی بارزانی ڕایگەیاند "یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوەو گفتوگۆ لەسەر کاری هاوبەش بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان تا 15ی ئەیلول دەکەن".

ئەوەش لە کاتێکدایە لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەجیا شاندێکی یەکێتی لەگەڵ هەریەکە لە گۆڕان و کۆمەڵدا کۆبووەوە.


PM:02:36:10/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 3588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو