موسڵ.. تەرمی دوو هەزارو سەد كەس لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەكان دەرهێنرانەوە


وێستگە نیوز-

رائید سەعد حامد ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، كە لەوكاتەی بەشی راستی موسڵ كۆنتڕۆڵكراوەتەوە تائێستا تەرمی، دوو هەزارو 100 كەس لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەكان دەرهێنراون.

سەعد حامد لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، وتی: "تا ئێستا تیمەكانی رزگاركردن سەربە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە پارێزگای نەینەوا تەرمی، دوو هەزار و 100 مەدەنییان لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەكانی بەشی راستی موسڵ بەتایبەتیش لە ناوچەی مووسڵی كۆن دەرهێناوە".

سەعد حامد وتیشی: "تیمەكانی رزگاركردن رووبەڕووی ئاستەنگی لۆجستی و ئەمنی بووەنەتەوە كە پەیوەستە بە كەرەستە، هەروەها حەشارگە و تونێل و ژێر زەمینەكان كە چەكدارانی داعش ناوە ناوە خۆیانی لێ حەشاردەدەن و تەقە لە تیمەكانمان دەكەن".

ئەفسەرەكە پێشبینیكرد كە پڕۆسەی دەرهێنانی تەرمەكان لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەكان ماوی كەمتر لە دوو مانگ بخایەنێت و راشیگەیاند: "پێشبینی دەكرێت هێشتا 400 بۆ 500 تەرمی دیكە لەژێر داروپەردووی خانووە رووەخان هەبن.

لە 10ی مانگی تەمووزی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی راستی موسڵی راگەیاند.

لە 20ی مانگی تەمووزی رابردوو، شانەی راگەیاندنی جەنگی سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق لە وەڵامی رۆژنامەی ئیندپێندیتی بەریتانی كە بە گواستنەوە لە هۆشیار زێباری وەزیری پێشوی دەرەوەی عێراق، بڵاویكردبووەوە كە لەمیانی شەڕ و پێكدانەكانی ناوچەی موسڵی كۆن، 40 هەزار مەدەنی كوژران، هەروەها رایگەیاندبوو كە لەمیانی شەڕ و پێكدادانەكانی ناوچەی موسڵی كۆن، هەزار و 429 مەدەنی كوژراون.


PM:02:57:09/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 4332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو