وەزیرێکی پـێشووی تورکیا لە ئەمەریکا تاوانباردەکرێت بە بەرتیل وەرگرتن لە بەرامبەر شکاندنی سزاکانی سەر ئێران

‌محەمەد زافر چاغلیان وەزیری پـێشووی ئابوری تورکیا

وێستگە نیوز-

داواکارانی گشتی لە دادگایەکی نیویۆرک 8 تورک و ئێرانیـیەکیان تاوانبارکردووە بە پـێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران، ئەوانەی بەهۆی بەرنامە ناوکیـیەکە لەسەر تاران دانراون.

دادگای باشوری نیویۆرک ڕاگەیاندنێـکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت محەمەد زافر چاغلیان وەزیری پـێشووی ئابوری تورکیا و سولەیمان ئەسڵان بەڕێوەبەری پـێشووی بانکی هالکبانکی حکومەتی تورکیا لە نێو تاوانبارەکاندان.

بەپـێی ئەو بەڵگەنامانەی لە بەردەم دادگایە، ئەم تاوانبارانە لە بەرامبەر وەرگرتنی بەرتیل بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار سزاکانی سەر ئێرانیان پـێشێلکردووە و یارمەتی ئێرانیان داوە لە سپـیکردنەوەی پارەکانی لە بانکەکانی دەرەوە.

لیکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە تاوانبارەکان لە نێوان ساڵانی 2010 و 2015 سیستەمێـکی ناوخۆی بانکیـیان داناوە تاوەکو حکومەت و دەزگاکانی ئێران بتوانن بە شێوەیەکی نایاسایی دەستیان بگات بە سیستەمی دارایی ئەمەریکا، بەمەش تاران توانیویەتی خۆی لە سزاکان لابدات و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سەودا ئەنجام بدات بە دۆلار و زێڕ بەبێ ئەوەی بانکەکانی ئەمەریکا پـێی بزانن ئێران خاوەنیانە.

پێویستە بوترێت محەمەد زافر چاغلیان تەمەن 59 ساڵ جگە لەوەی وەزیری ئابوری بووە ئەندامی پەرلەمانیش بووە لەسەر پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار.


PM:04:31:08/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 5219 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو