به‌ داتا.... پاش 14 ساڵ له‌ ئازادكردنی، عیراق بەرەو دواوە چووە

‌رۆژی ئازادکردنی عیراق لە 2003دا

وێستگه‌ نیوز –
 په‌رله‌مانتارێكی‌ گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ دوای‌ 14 ساڵ‌ له‌ ئازادكردنی‌، هیچ پێشكه‌وتنێكی‌ به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌ و بووه‌ به‌ژێر قه‌رزێكی‌ زۆره‌وه‌ و به‌ سه‌رگه‌ردانییه‌كی‌ گه‌وره‌ وه‌سفی‌ ده‌كات.


مه‌سعود حه‌یده‌ر په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئاماره‌كانی‌ رێكخراوی‌ ‏Human rights watches organization چه‌ند زانیارییه‌كی‌ ده‌رباره‌ی‌ بارودۆخی‌ عیراق به‌ر له‌ شه‌ڕی‌ موسڵ‌ بڵاوكرده‌وه‌.

مه‌سعود حه‌یده‌ر رایگه‌یاند كه‌ "سێ ملیۆن و چوارسه‌د هه‌زار ئاواره‌ی‌ عیراق دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر 64 ووڵات و چوار ملیۆن و سه‌د هه‌زار ئاواره‌ له‌ ناوخۆی عیراق و یه‌ك ملیۆن و حه‌وت سه‌د هه‌زار كه‌سیش ژیانیان له‌ خێوه‌تدایه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "پێنج ملیۆن و شه‌ش سه‌د هه‌زار یه‌تیم هه‌یه‌ كه‌ ( ته‌مه‌نیان 15-17 ساڵ)ه‌ و دوو ملیۆن بێوه‌ژن ( ته‌مه‌نیان 15-52 ساڵه‌)".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت: "شه‌ش ملیۆن عیراقی توانای نووسین و خوێندنه‌وه‌ی نییه‌ (به‌سره‌، به‌غدا، نه‌جف، واسیت و ئه‌نبار له‌ پێشه‌وه‌ن)".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "رێژه‌ی بێكاری سه‌دا 31ه‌ كه‌ پارێزگاكانی‌ ئه‌نبار، موسه‌نا، دیاله‌ و بابل له‌ پێشه‌وه‌ن، ئه‌وجا به‌غدا، كه‌ربه‌لا ‌و نه‌ینه‌وا)و سه‌دا 35ی‌‏ عیراقییه‌كان له‌ ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌ن كه‌ داهاتی رۆژانه‌یان له‌ 5 دۆلار كه‌متره‌".

مه‌سعود حه‌یده‌ر روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "رێژه‌ی سه‌دا 6ی‌ خه‌ڵكی عیراق حه‌شیش و مه‌وادی موخه‌دیر به‌كاردێنن (به‌غدا له‌ پێشه‌، پاشان شاره‌كانی به‌سره‌، نه‌جه‌ف، دیاله‌، بابل و واسیت)".

نووسیویشیه‌تی‌: "رێژه‌ی سه‌دا 9‏ كرێكاری منداڵان له‌ خوار ته‌مه‌نی 15 ساڵه‌ و 39 نه‌خۆشی كوشنده‌ وه‌كو (كۆلێرا، ئیفلیجی‌ منداڵان، ڤایرۆسی‌ جگه‌ر، به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ توشبووون به‌ شێرپه‌نجه‌ و تێكچوونه‌ جه‌سته‌ییه‌كان) بڵاوه‌ و 13 هه‌زار و 328 كارگه‌ و داموده‌زگای به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ كاركه‌وتوون".

ده‌شڵێت: "له‌و ماوه‌یه‌دا رووبه‌ری كشتوكاڵی له‌ 48 ملیۆن دۆنمه‌وه‌ كه‌مبووه‌ته‌وه‌ بۆ 12ملیۆن دۆنم  و سه‌دا 75ی‌ پێداویستی‌ خۆراك و سه‌دا 91ی‌ شتومه‌كی‌ دی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێن".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "خوێندنی بنه‌ڕه‌تی له‌ خراپترین باردایه‌ ( 14 هه‌زار و 658 قوتابخانه‌، نۆ هه‌زاری تێكچووه‌ و 800 قوتابخانه‌ی له‌ قوڕ دروستكراوه‌. له‌ ئێستادا پێویسته‌ 11 هه‌زار قوتابخانه‌ دروست بكرێت".

ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ "عیراق 124 ملیار دۆلار قه‌رزاری 29 وڵاته‌ له‌كاتێكدا داهاته‌كه‌ی‌ له‌ نه‌وت له‌ ( 2003 تا 2016) هه‌زار ملیار دۆلار بووه‌، به‌ڵام هیچ رۆڵی نه‌بووه‌ له‌ بونیادنان و چاره‌سه‌ری خزمه‌تگوزاری سه‌ره‌تاییه‌كانی هاوڵاتیانی عیراق".


PM:02:09:06/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 6133 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو