هێزەکانی حکومەتی سوریا گەمارۆی سەر سەربازگەیەک دەشکێنێت


وێستگە نیوز-

هێزەکانی حکومەتی سوریا توانیان لە پاش نزیکەی سێ ساڵ گەمارۆی سەر سەربازگەیەکی لەشکری وڵاتەکەیان لە پارێزگای دێرزور بشکێنن، ئەمەش لە دوای دوو هەفتە لە ئۆپەراسیۆنێـکی گەورەی لەشکری لە دژی چەکدارانی داعش لە ناوچە دەشتایـیەکانی دێرزور.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بەکاتی خۆجێی دەزگاکانی ڕاگەیاندی حکومەتی سوریا هەواڵی شکاندنی گەمارۆی سەر بارەگای لیوای 137ی لەشکریان ڕاگەیاند و کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ هەواڵەکەی پشـتڕاستکردەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی سانای حکومەتی سوریا دەڵێت لە پاش هێرشێـکی گەورەی لەشکری بە پاڵپشـتی هێزی ئاسمانی توانرا گەمارۆکە بشکێنرێت. دەشڵێت فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی توانیویانە لە کاروانێـکی ئۆتۆمبیلی داعش بدەن کە لە 10 ئۆتۆمبیل پـێکهاتبوون و بەنیازبوون بەرەو شاری ئەلمەیادینی باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری دێرزور هەڵبێن.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەویش لای خۆیەوە ڕایگەیاند ئەمڕۆ سێشەممە هێزەکانی ڕژێم بە پاڵپشتی چەکدارانی سوری و بیانی توانیان ڕێگایەک لە مین پاکبکەنەوە کە بەرەو سەربازگەکە دەڕوات و بەوەش کۆتایی بە گەمارۆی سەر ئەو سەربازگەیە هات کە بۆ ماوەی 32 مانگ درێژەی کێشا.

لە ئێستادا هێزەکانی حکومەتی سوریا نزیک‌بوونەتەوە لە شکاندنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی دێرزور کە لە ساڵی 2014 وە گەمارۆدراوە.



PM:05:26:05/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2614 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو