تۆماركردنی قه‌واره‌ و کاندیدەکان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ده‌ستپێده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایگەیاند، لە سبەینێ یەکشەممە 3ی ئەیلولی 2017 تۆمارکردنی ناوی لیست و قەوارە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و کاندیدانی سەرۆکی هەرێم دەستپێدەدکات.

شیروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم، ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 2ی ئه‌یلولی 2017 بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لە سبەینێوە تۆمارکردنی ناوی لیست و قەوارە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەستپێدەکات.

وتیشی، رۆژی 18 ی ئەیلولی 2017 تۆمارکردنی ناوی لیست و قەوارە سیاسییەکان و کاندیدانی سەرۆکی هەرێم کۆتایی دێت.

له‌ 14ی ئابی 2017 کۆمسیۆن وەڵامی مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێمی دایەوە و رایگەیاند، ئامادەن لە ڕۆژی 1ی 11ی 2017 هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم ئەنجام بدەن.

بارزانی ڕۆژی 8ی حوزەیرانی 2017، مەرسومێکی هەرێمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ده‌كرد.

له‌ مه‌رسومه‌كه‌دا بارزانی داوایکردبوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ڕۆژێک دەستنیشان بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەی یاسایی خۆیدا و ئامادەکاریش بۆ ئەو مەبەستە بکرێت.

بارزانی جەختی لەسەر ئەوەش کردبوه‌وه‌ کە "گشت دامەزراوە حکومییەکان و حزبییەکان بۆیان نییە بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان دەستێوەردان بکەن لە کاروباری بەرپرسان و سەرپەرشتیاران و ئەنجامدەرانی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان".

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 7ی حوزه‌یرانی 2017، جگه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، بارزانی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌ و بڕیاریاندا ڕۆژی 25ی ئه‌یلولی 2017، ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش بگرێته‌وه‌، بڕیاریشه‌ له‌ 1-11-2017 هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچن.


PM:04:44:02/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 4824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو